وەزارەتی تەندروستی داوای کۆکردنەوەی 31 جۆر وزەبەخش لە بازاڕەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستی 31 خواردنەوەی وزەبەخشی دەستنیشانکرد کە لەلای ئەوان تۆمار نەکراون و فرۆشتنیان رێگەپێدراو نییە. داوا لە لێژنەکانی قایمقامیەتەکان دەکات کۆیان بکەنەوە و لە ناویان ببەن.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی جۆری وزەبەخشەکان، دەڵێت: "ئەو وزە بەخشانە بە قاچاخ دەهێندرێن و بۆ بەکارهێنان ناشێن و لەنێو دەبرێن".
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی پێویستە کارگە و کۆمپانیاکانی دروستکردن یان هاوردەکردنی خواردنەوە وزەبەخشەکان (مشروبات الطاقە)، لە رێگای وەزارەتی تەندروستی رێگەپێدان وەربگرن: "بەڵام لە دوای بەدواداچوونی تیمە چاودێرییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەرکەوتووە زیاتر لە 31 جۆر خواردنەوەی وزەبەخش هەیە و هیچ رێگەپێدانێکیان نییە."
وەزارەتی تەندروستی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت لە بازاڕەکان دەست بەسەر هەر هەموو ئەو وزەبەخشانەدا بگیرێت و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت، رێکاری یاساییش بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.
وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ناردنی نووسراو بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لەبارەی وزەبەخشەکانەوە، هاوپێچ ناوی ئەو وزەبەخشانەشی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت بە زووترین کات لەگەڵ لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتەکانەوە دەست بە کۆکردنەوە و لەناوبردنیان بکرێت.