پزیشکێک هۆشداری بە کچان و ژنان دەدات: لە کاتی سووڕی مانگانە و دووگیانیدا نەخۆشییەک دەبێتەهۆی خوێنبەربوون

03-03-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
 کۆنفرانسی 'مێدیکاڵ کوردستان' لە هەولێر کۆتاییهات
کۆنفرانسی 'مێدیکاڵ کوردستان' لە هەولێر کۆتاییهات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنفرانسی "مێدیکاڵ کوردستان" لە هەولێر کۆتاییهات. لە کۆنفرانسەکەدا 20 توێژینەوەی پزیشکی پێشكێش کران. لە رۆژی سێیەم و کۆتایی کۆنفرانسەکەدا توێژینەوەکانی تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵان و ئافرەتان خرانەڕوو. سەرپەرشتیاران بڕیاریان داوە ساڵانە ئەو کۆنفرانسە سازبکرێت.
 
توێژینەوەکەی دکتۆرە رێزان لەسەر نەخۆشیی خوێنبەربوونی بەردەوام، یەکێک بوو لەو توێژینەوانەی جێگەی سەرنجی ئامادەبووان بوو. پرۆفیسۆر رێزان عەبدولقادر، پزیشکی نەخۆشییەکانی ئافرەتان بە رووداوی گوت، "ئەم نەخۆشییە وەکو دەبینی لێرە کە [تووشی] خوێنبەربوون دەبن، خوێنبەربوونەکەیان ناوەستێت، چونکە پەڕەکانی خوێن بەیەکەوە نانووسێت."
 
ئەو دکتۆرە بە گرنگی دەزانێت کە ژنان و كچان ئاگایان لەو نەخۆشییە بێت و دەڵێت، "چونکە هۆکاری خوێنبەربوونە لە کاتی [سووڕی مانگانەدا] هەروەها لە کاتی منداڵبوون و دوای دانانی منداڵەکەش، بۆیە مەبەستمان ئەوەیە کە زانیاریی پزیشکی بدەینە دکتۆرەکان کە ئاگایان لەو نەخۆشییانە بێت و کە نەخۆشێکیان بینی ئەو کێشانەی هەیە بیاننێرن بۆ سەنتەری تایبەت بۆئەوەی شیکردنەوەی خوێن بکەن، ئەوەش بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکەی."
 
جگە لە پزیشکان، خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان، بەشێکی سەرەکیی ئامادەبووانی کۆنفراسەکەبوون. هۆنیا هەڵگورد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان گوتی، "پێشتر زانیارییەکی کەممان هەبوو لەسەری، بەڵام ئێستا زیاتر خرایەڕوو بۆ خوێندکاران."
 
جگە لە 40 پزیشک کە توێژینەوەیان هەبوو، 13 خوێندکاری کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان توێژینەوەکانیان پێشکێش کرد، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا خاوەنی باشترین توێژینەوە خەڵاتکرا.
 
سیدرا محەممەد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان باسی لەوە کرد، "تایتڵی توێژینەوەکە لەسەر ئەوە بوو کە ئەو کەیسانەی زۆر پەلەیان نییە و پێویستیان بە نەشتەرگەری نییە دێنە فریاکەوتنەکان و قەرەباڵخی دروست دەکەن، ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کەیسەکانی دیکە کە پێویستیان بە یارمەتیی خێرا هەیە، نەتوانن یارمەتیی پێویست وەربگرن."
 
کۆنفرانسی "مێدیکاڵ کوردستان" کە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان رێکخی خستبوو، دەکرێتە ساڵانە. 
 
دکتۆرە ئەڤین محەممەد، بەرپرسی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، "نەک تەنیا لەسەر سیستمی پزیشکی و تەندروستی، هەروەها لەسەر  سیستمی فێرکردنی قوتابییانی پزیشکی پێشکەوتن بەدەستبهێنین، هەروەها لەسەر ئاستێک بین کە بەراورد بێت لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو."
 
لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە خستنەڕووی توێژینەوەکان، 20 کۆمپانیا و دامەزراوەی پزیشکیی نێوخۆیی تێیدا بەشداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە