تەندروستیی جیهانی: نەشتەرگەریی منداڵبوون کاریگەریی نەرێنی لەسەر دایک و کۆرپەکەی دروستدەکات

03-01-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی زۆربوونی ژمارەی نەشتەرگەریی منداڵبوون بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی کۆرپەکان دەزانێت و رایدەگەیێنێت، دەبێت نزیکەی دوو ساڵ دوای نەشتەرگەریی منداڵبوون، بڕیاری منداڵبوونێکی دیکە بدرێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لەبارەی مەترسی و ئاڵۆزییەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون هۆشداریدەداتە خانمانی دووگیان کە نەشتەرگەریی منداڵبوون کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی خۆیان و کۆرپەکانیان دروستدەکات.
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی دایکانی سەر بە رێکخراوەکە، چاکبوونەوە دوای نەشتەرگەریی منداڵبوون بەراورد بە لەدایکبوونی سرووشتی کاتێکی زیاتر دەخایەنێت، هەروەها کۆمەڵەکە رێنوێنی خانمان دەکات، 18 بۆ 24 مانگ دوای نەشتەرگەرییەکە دەتوانن پلان بۆ منداڵی داهاتوو دابنێن. 
 
گیبێڵ کاترین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ''ماوەی چاکبوونەوە دوای نەشتەرگەریی منداڵبوون لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە جیاوازە''، هەروەها دەشڵێت: دوای نەشتەرگەرییەکە جەستەی دایکەکە مادە خۆراکییەکانی کەمدەبێتەوە، تەنانەت ماسوولکەکانی جەستەی وەکو ماسوولکەکانی سک بێهێزدەبن و کاتێکی زۆریان پێویستە تاوەکو چاکببنەوە.
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی خانمان مەترسییەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون باسدەکات و دەڵێت: ئەگەر دوای نەشتەرگەریی کەمتر لە ساڵێک منداڵ ببێت، ئەوا دەشێت 'ناڕێکیی منداڵدان، ناڕێکی و پچڕانی ناوکەپەتک، منداڵی ناکام، کەمی کێشی کۆرپە و دروستبوونی کێشەی هەناسەدانی کۆرپە' رووبدەن.
 
لە کۆتاییدا دکتۆر گیبێڵ رێنوێنی خانمانی دووگیان دەکات کە 'راوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ، خواردنی خۆراکە تەندروستەکان، پشکنینی کۆرپە لەماوەی دووگیانی، وەرگرتنی ڤیتامین و تەواوکەرەخۆراکییەکان لە ژێر راوێژی پزیشک و باشترکردنی لایەنی دەروونی' جێبەجێبکەن.
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵان لە ئەمریکا، منداڵی ناکام مەترسیی 'ناڕێکییەکانی پەستانی خوێن و دڵ، کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە و ناڕێکی دەروونییان' بەراورد بەوانەی بە سرووشتی لەدایکدەبن زیاترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە