پزیشکێکی پسپۆڕی ددان لە ئەمریکا چەند هۆکارێکی رەشبوونی ددانەکان رووندەکاتەوە
رووداو – تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی و جوانکارییەکانی ددان لە ئەمریکا چەند هۆکار و پێشگیرییەک بۆ رەشبوونی ددان باسدەکات و رایدەگەیێنێت، رەشبوونی ددانەکان سەرەتا بە زەردبوونیان دەستپێدەکات، هاوکات نەشۆردنی ددانەکان، جگەرەکێشان و ڤەیپ هۆکاری سەرەکیین.
دکتۆر ستیڤان سپێڵمان، پسپۆڕی نەشتەرگەری و جوانکارییەکانی ددان لە شاری لاسڤێگاس لە ئەمریکا هۆکارەکانی رەشبوونی ددان باسدەکات و دەڵێت: ''رەشبوونی ددانەکان تێکەڵەیەکە لە بەکتریا، لیک و پاشماوەی خۆراک کە یەکدەگرن و لەسەر ددانەکان کۆدەبنەوە.''
دکتۆر ستیڤان روونیدەکاتەوە، خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە قاوە و خواردنەوە گازییەکان، جگەرەکێشان و خواردنی شیرینەمەنی هۆکارن بۆ تێکچوونی رەنگی ددانەکان.
هەروەها پسپۆڕەکەی بواری نەشتەرگەریی ددان 'هەوکردنی پووک، دروستبوونی بۆشایی نێوان ددانەکان، بۆنی دەم و خوێنبەربوونی پووک تەنانەت ئازاری ددانیش' بە ئاڵۆزییەکانی رەشبوونی ددان دادەنێت.
دکتۆر ستیڤان چەند رێنوێنییەکی پێشگیریکردن لە رەشبوونی ددانەکان بە هاووڵاتییان دەدات و ''شۆردنی ددانەکان دوو جار لە رۆژێکدا، بەکارهێنانی هەویری ددانی دەوڵەمەند بە مادەی فلۆراید، ئاو لەدەم وەردان دوای هەر ژەمێک، کەمکردنەوەی شیرینەمەنی و دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان بە رێگەی کاریگەر بۆ پێشگیریکردن لە رەشبوونەوەی ددانەکان و نەخۆشییەکانی پووک دادەنێت.
هەروەها دکتۆر ستیڤان پێشنیازدەکات، بۆ پشکنینی پووک و ددانەکان ساڵانە دوو جار سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، هاوکات هاووڵاتییان رێنوێنیی خاوێنڕاگرتن و پارێزگاریکردن لە ددانەکان وەربگرن.