هیندستان ڤاکسینی بەهارات بایۆتێک پەسند دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هیندستان بە فەرمی بەکارهێنانی بەپەلەی دوو ڤاکسینی کۆرۆنای پەسندکرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە ئامادەکاری دەکات کوتانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی. یەکێک لەو ڤاکسینانەش کە پەسندی کردووە ناوی بەهارات بایۆتێکە و لەلایەن کۆمپانیایەکی هیندییەوە بەرهەمهێنراوە.
 
ڤاکسینەکەی دیکەش کە حکومەتی هیندستان بۆ بەکارهێنان پەسندی کردووە، ڤاکسینی ئۆکسفۆرد/ئاسترازێنیکایە کە بە ڤاکسینێکی گونجاو لەڕووی نرخ و کوالێتی دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە هەژارن.
 
ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان ئەو هەنگاوەی حکومەتی وڵاتەکەیی بە "خاڵی وەرچەرخان" ناوبردووە و پلانی ئەو وڵاتەش ئەوەیە ئەمساڵ دەوروبەری 300 ملیۆن لە دانیشتووانی وڵاتەکەی بکوتێت.
 
لەسەر ئاستی جیهان لەدوای ئەمریکا، لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیندستان لە پلەی دووەم دێت، بەشێوەیەک تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10.3 ملیۆن تووشبوو دەستنیشانکراون و نزیکەی 150 هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هیندستان 1.3 ملیار کەسە. رۆژی شەممە 2ی کانوونی دووەمی 2021 هیندستان لەمیانی خۆئامادەکردنی بۆ کوتانی هاووڵاتییانی بە ڤاکسینی کۆرۆنا، زیاتر لە 90 هەزار کارمەندی تەندروستیی ئامادەکرد.
 
کۆنترۆڵی گشتیی دەرمانی هیندستان رایگەیاندووە، ئەو دوو ڤاکسینەی بڕیارە بەکاربهێنرێن، سەلامەتن. 
 
لە هیندستان تاوەکو ئێستا 30 ڤاکسین کاریان لەسەردەکرێت، بەڵام تەنیا ڤاکسینی بەهارات بایۆتێک پەسندکراوە.