توێژینەوەیەک: وەرزشی بەر باران کالۆریی زیاتر دەسووتێنێت
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کاردیف لە واڵس دەریدەخات، چوونە بەر باران یارمەتیی ئاسوودەبوونی دەروون و کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی دەدات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کاردیف لە واڵس کرا و دەرکەوت، ئەوانەی دەچنە بەر باران ئاسوودەترن و دەرووندروستییان باشترە بەراورد بە کەسانی دیکە، پسپۆڕانیش دەڵێن، بۆنی باران کاریگەریی سەرەکیی لەسەر ئەمە هەیە.
بارانبارین و دابەزاندنی کێش
بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری نێودەوڵەتیی پزیشکیی وەرزشی، رێکردن لەبەر باران یارمەتیدەرە بۆ کێشدابەزاندن، چونکە زیاتر کالۆری دەسووتێت، لەبەر ئەوەی لەبەر باراندا ناچاریت کە خێرا بڕۆیت.
ئەوەش رووندەکاتەوە کە وەرزش لە کەشی سارد زیاتر کالۆری دەسووتێنێت بەراورد بە وەرزش لە کەشی مامناوەن.
''هەناسەدانی باشتر''
هەر لەبارەی بارانبارینەوە پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی لە کالیفۆرنیای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رێکردن لەکاتی بارانبارین دا ئۆکسجینی زیاتر و هەوای خاوێن بە جەستە دەبەخشێت، چونکە کوالێتیی هەوا پاکدەبێتەوە.
ئەو پسپۆڕە لەبارەی وەرزشکردن لە ژێر باراندا گوتی، یارمەتیی ساردکردنەوەی جەستە دەدات و پلەی گەرمیی هاوسەنگدەکات.
پێست نەرم و گەشتر دەکات
بەپێی دامەزراوەی پسپۆڕانی پێست و جوانکاری لە ئەمریکا، بارانبارین کەشێکی شێداری هەیە، ئەمەش گەشاوەیی، شێداری و نەرمی بە پێست دەبەخشێت.