دوایین زانیارییەکان لەبارەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا

02-11-2021
هونەر رێبوار
A+ A-


رووداو- هەولێر 

ئاژانسی زانستی ئەمریکا دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا رادەگەیێنێت، دەڵێت رەنگە هیچ کاتێك نەتوانن سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدۆزنەوە و بزانن لە چییەوە سەریهەڵداوە.

ئۆفیسی بەڕێوەبەری زانیارییە نیشتمانییەکان لە ئەمریکا کە بەدواداچوونی بۆ سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە دەڵێت ئەمە دوایین بەدواداچوونیانە لەبارەی ڤایرۆسەکە، کە هیچ رایەکی بڕواپێهێنەریان نییە چۆن سەریهەڵداوە، بەڵام دەڵێن ئەوەیان سەلماندووە کۆرۆنا وەکو چەکێكی بایۆلۆجی دروستنەکراوە. 

ئۆفیسی زانیارییە نیشتمانییەکان ئەوەشی گووتووە هەرچەندە زانیاری تەواویان لەبەردەستنییە بۆ بەدواداچوونەکانیان، بەڵام بەپێی گوتەی چوار ئاژانسی زانستی ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە سەرچاوەکەی ئاژەڵێكی نەخۆش بووە و زانیاری زیاتر نییە. 

چین رەخنە لە راپۆرتەکەی ئەمریکا دەگرێت، ئاژانسە ئەمریکییەکانیش دەڵێن بە دڵنیاییەکی زۆر کەمەوە قسەکانیان کردووە، یەکێك لە ئاژانسەکان ئەوەی باسکردووە لەکاتی کارکردن لەسەر ئاژەڵە نەخۆشەکە مرۆڤ لە تاقیگە تووشبووە و نەخۆشکەوتووە کە دەکرێت لە تاقیگەی پەیمانگەی ڤایرۆسزانی ووهان ئەمە روویدابێت. 

لە جیهاندا زیاتر لە 2 ساڵە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 247 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لانیکەم 5 ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسەکە مردوون. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە