لە رواندا ڤایرۆسێکی دیکەی کووشندە بڵاودەبێتەوە

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی رواندا رایدەگەیێنێت، ڤایرۆسی ماربێرگ لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە و بە مەبەستی پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە چەند رێکارێک دەگیرێنەبەر. 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوەدەکات، تاوەکو ئێستا 300 هاووڵاتی تووشیی ئەم ڤایرۆسە بوون و لەم ژمارەیەدا نۆ کەس گیانیانلەدەستداوە، تووشبووان کەرەنتینە کراون و رێگە نادرێت هیچ کەس سەردانیان بکات، هەروەها ئەوانەش کە گیانیانلەدەستدەدەن بە کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی لە لایەن تیمە تەندروستییەکانەوە بەڕێدەکرێن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، ماربێرگ  لە هەمان خێزانی ڤایرۆسی ئیبۆڵایە و ڤایرۆسێکی کووشندەیە، نیشانەکانی لە ناکاو دەردەکەون کە بریتین لە تای تووند، سەرئێشە، ئازاری جەستە و تووشبوون بە خوێنبەربوون
 
بەپێی رێکخراوەکە، ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و لە ڕێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ شلەی جەستەی کەسانی تووشبوو لەنێو مرۆڤەکاندا بڵاودەبێتەوە.