زانکۆی گاڵوەی: خواردنەوەی گازی و شەربەتی دەستکرد ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاددەکەن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی گاڵوەی لە ئیرلەندا دەریدەخات،  خواردنەوە گازییەکان، هەندێک شەربەتی میوە و خواردنەوەی زیاتر لە چوار کوپ قاوە دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، خواردنەوە گازییەکان و زۆرێک لەو بەرهەمانەی کە وەک شەربەتی میوە دەخرێنە بازاڕەوە مادەی پارێزەر و شەکری زیادکراویان تێدایە، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بەڕێژەی 37٪ زیاددەکەن. 
 
د. ئاندرێ سمیس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''قاوە سوودی تەندروستیی دەبێت، بەڵام خواردنەوەی قاوەش ئەگەری چوار کووپ زیاتر بوو مەترسیی تووشبوون بە جەڵتە بەرزدەکاتەوە''. 
 
توێژەرانی توێژینەوەکە ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەن، بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، دەبێت رۆژانە لەبڕی خواردنەوە گازییەکان، شەربەتی دەستکرد و زۆر خواردنەوەی قاوە لەنیکەم حەوت پەرداخ ئاو بخورێتەوە.