زانکۆی کالیفۆرنیا: دیاریکردنی کاتی خواردن تووشبوون بە شەکرە کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریدەخات، سنووردارکردنی کاتی خواردن لە رۆژێکدا، شەکرەی خوێن کۆنتڕۆڵ دەکات. 
 
ئەم توێژینەوەیە بە بەشداری 200 کەس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، نیوە بەڕۆژووبوون یاخود سنووردارکردنی کاتی خواردن ئەگەری تووشبوون بە شەکرە کەمدەکاتەوە، چەوریی زیانبەخش دادەبەزێنێت و یارمەتی کەمکردنەوەی کێشی زیادەی جەستە دەدات. 
 
د. ئێبیڵی مانوگین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، '' نەخواردنی کالۆری بۆ ماوەی 12 کاژێر، چەوریی جەستە دەتوێنێتەوە و مەترسیی چەندین نەخۆشیی درێژخایێن کەمدەکاتەوە''. 
 
 بەگوێرەی توێژینەوەکە، سوودەکانی دیاریکردنی کاتی خواردن بریتین لە  کێشدابەزاندن، کۆنتڕۆڵکردنی چەوری و شەکری خوێن، پاراستنی تەندروستیی مێشک و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە جیاوازەکان.