چارەسەری فراوانبوون و رەشبوونەوەی کۆئەندامی زاوزێی خانمان


 

رووداو- هەولێر

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس.. پسپۆڕێكی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت خانمان وەرزش نەکەن، لەماوەی دووگیانی کێشیان زیاددەکات، تووشی فراوانبوون و رەشبوونی کۆئەندامی زاوزێیان دەبن، لە بڕگەی دووەمیشدا پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت زۆرجار لە عیادە لاکۆڵانەکان بەشێوەیەکی ناپێویست ژیناوی پزیشكی بەکاردەهێندرێت، کە دوورنییە لەجیاتی سوودگەیاندن، مەترسیی لەسەر نەخۆشەکە دروستبکات.

بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس تایبەتە بە دوو مژاری پزیشكی، لە بڕگەی یەکەمدا دکتۆر شەیما خضر سورچی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت لەدوای دووگیانی خانمان تووشی گرفتی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، ئەو خانمانەی خۆیان ناپارێزن، دووگیانی گرفتی جوانکاری بۆ کۆئەندامی زاوزێ و سکیان دروستدەکات. بەشێكیان کێشیان بە زیادی دەمێنێتەوە، بەشێكیشیان تووشی فراوانبوون و رەشبوونی کۆئەندامی زاوزێ دەبن.

دکتۆر شەیما خضر سورچی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون روونیدەکاتەوە تێكچوونی جەستەی خانمان پەیوەندی بە خودی دووگیانی هەیە و جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان لەدایکبوونی منداڵ بە سرووشتی و نەشتەرگەری منداڵبوون نییە بۆ پاراستنی رووکاری جەستەی خانمان.

پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت بۆ ئەوەی خانمان دووربن لە گرفتەکانی ناوبراو، هاوکات بۆ دووربوون لە لەدەستدانی هەست و توانای سێكسی، بۆ دووربوون لە رانەگرتنی میز، دەبێت لەپێش و لەماوەی دووگیانی و تەنانەت لەدوای دووگیانیش وەرزش بکەن، بەمەش پارێزراو دەبن، کێشیان زیادناکات و تەنانەت دووردەبن لە گرفتە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان بەهۆی تێكچوونی رووکاری جەستەیان.

کەسێك پەستانی خوێنی دابەزیوە؛ ژیناوی پزیشكی پێبدرێت؟

لە بڕگەی دووەمدا، دکتۆر شەهرام عەزیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ میوانە، باسی دابەزینی پەستانی خوێن دەکات و دەڵێت کۆمەڵێك هۆکاری زانستی هەن کە بریتین لە:

سکچوون و رشانەوە

ماوەی دووگیانی

هەندێك دەرمان

خوێنبەربوونی نێوەوە و دەرەوە

هەندێك هەوکردنی تووند

تووشبووانی خەمۆکی

دابەزینی شەکری خوێن

کەمخۆری

کۆمەڵێك هۆکاری دیکە

دکتۆر شەهرام عەزیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ کە لە دهۆکەوە بۆ بەرنامەی دکتۆر ئاراس هاتووە دەڵێت نابێت بۆ هەموو دابەزینێكی پەستانی خوێن ژیناوی پزیشكی بەکاربێت، چونکە ئەگەر بەکارهێنانەکەی نازانستی بێت، هەندێك نەخۆش دۆخی تەندروستییان تێكدەچێت، رەنگە بەساڵاچووان و ئەوانەی تووشی سستبوونی دڵ بوون، تووشی هەناسەتەنگی و کۆبوونەوەی ئاو لە سنگیان ببن.

پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ روونیدەکاتەوە هەندێك کەس بەشێوەیەکی ئاسایی پەستانی خوێنیان نزمترە، دەکرێت پەستانی ئاسایی خوێنی دووکەسی ئاسایی جیاوازبێت، لەبارەی نیشانەکانی دابەزینی پەستانی خوێنیش دەڵێت رەنگە کەسەکە تووشی بێهێزی و بێتوانایی ببێت، هەندێكجاریش تووشی سەرسوڕان دەبێتەوە.

بۆ بینینی وردەکارییەکانی بەرنامەکە، بینەری ڤیدیۆی سەرجەم بەرنامەکە بن لەم لینکەی خوارەوە..