دوای وازهێنان لە خواردنەوە کحولییەکان، چی بەسەر جەستەدا دێت؟

03-09-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی چارەسەرکاری دەروونی لە قوتابخانەی پزیشکیی هارڤارد کە خۆی یەکێکە لە چارەسەرکارانی ئالوودەبووان رایدەگەیێنێت، زۆرینەی ئالوودەبووانی کحول دووچاری وشکبوونەوەی بەردەوامی جەستە و ناڕێکیی کۆئەندامی هەرس و شێرپەنجە بوون، تەنانەت دەشڵێت: بەشێکی زۆریان سووڕی خوێنیان تێکچووە.
 
د. ماتیو ماسکوێرا، پسپۆڕی چارەسەرکاری دەروونی لە قوتابخانەی پزیشکیی هارڤارد و بەڕێوەبەری بەشی مامەڵەکردن لەگەڵ ئالوودەبووان لە نەخۆشخانەی ماکلین دەڵێت: ''کحول یەکێکە لەو مادانەی کە دڵەڕاوکێ زیاددەکات و تواناکانی مێشک لاوازدەکات کە کاریگەریی کورتخایەن و درێژخایەنی دەبێت.
 
هاوکات گوتی، ''کحول کاریگەریی لەسەر پێکهاتەکانی مێشک دەبێت و دەیانپووکێنێتەوە، ئەمەش توانا مەعریفی و هزرییەکان کەمدەکاتەوە''.
 
د. ماتیو ماسکوێرا کاریگەرییەکانی وازهێنان لە کحول بەپێی ماوەی وازهێنانەکە شیدەکاتەوە؛
 
دوای چەند رۆژێک لە وازهێنان؛
 
- خەوخۆشی و گەیشتن بە خەوی قوڵ
- ئاسوودەیی دەروونیی زیاتر دەبێت
- لێدانی دڵ ئاسایی دەبێتەوە
- پەستانی خوێن هاوسەنگ دەبێتەوە
- جەستە وزەیەکی زیاتری دەبێت
 
دوای هەفتەیەک لە وازهێنان؛
 
- سیستمی بەرگریی جەستە بەهێزدەبێتەوە
- هۆرمۆنەکان هاوسەنگدەبنەوە
- ئارەزووی سێکسی دێتەوە باری ئاسایی خۆی
- تەندروستیی جگەر باشتردەبێت و هەوکردنی کەمدەبێتەوە
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و هەوکردنی جگەر کەمدەبێتەوە
 
دوای یەک مانگ لە وازهێنان؛
 
- پێست دەدرەوشێتەوە
- ئاستی هەڵمژینی مادە خۆراکی و ڤیتامینەکان لەلایەن جەستەوە ئاسایی دەبێتەوە
- کێش کەمدەبێتەوە بەهۆی نەمانی کالۆریی نێو کحول {بەمەرجێک خۆراکی پڕ لە کالۆریی نەخورێت}
- بە تەواوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بەهۆی کحولەوە کەمدەبێتەوە
- خەو باش دەبێتەوە و لەڕووی دەروونییەوە کەسەکە بە تەواوی ئاسوودە دەبێت
 
دوای سێ مانگ لە وازهێنان؛
 
- مێشک دەستدەکات بە دووبارە چاکبوونەوەی خانە تێکشکاوەکان
- توانا هزرییەکان و توانای بیرکردنەوە ئاسایی دەبنەوە
- دڵەڕاوکێ نامێنێت
- زیاتر کەسەکە دەکەوێتە نێو خەوی قوڵەوە
- جەستە هەست بە پشوودانی زیاتر دەکات
 
دوای زیاتر لە شەش مانگ لە وازهێنان؛
 
- سیستمی بەرگریی جەستە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە و بەهێزدەبێت دژی شێرپەنجە و هۆکارەکانی نەخۆشی
- کەمتر جەستە تووشی پەتا وەرزییەکان دەبێت
- فەرمانەکانی هەرسکردن ئاسایی دەبنەوە
- شێداریی جەستە ئاسایی دەبێتەوە و تینوویەتی و وشکبوونەوە نامێنن
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی پەیوەست بە کحول کەمدەبێتەوە
- هەستەکان ئاسایی دەبنەوە و جەستە لە کحول پاکدەبێتەوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.