بەشی پتەوکردنی تەندروستیی هەڵەبجە: مانگی رابردوو 832 حاڵەتی سکچوون تۆمارکراوە

رووداو - تەندروستی

لێپرسراوی بەشی پتەوکردنی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 830 حاڵەتی سکچوون لە هەڵەبجە تۆمارکراوە، گوتیشی، ''تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆلێرا لە سنووری هەڵەبجە تۆمارنەکراوە.''
 
رۆژی هەینی 01-09-2023، لوقمان عەبدوڵڵا، لێپرسراوی بەشی پتەوکردنی تەندرستیی هەڵەبجە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا رێژەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە هەڵەبجە جێگەی مەترسی نییە و هەر وەکو ساڵانی رابردووە.
 
لوقمان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، مانگی رابردوو، نزیکەی 832 حاڵەتی سکچوون لە هەڵەبجە تۆمارکراوە کە ئەو رێژەیە سەرجەم تەمەنەکان لەخۆ دەگرێت، دەشڵێت، ''بەخۆشییەوە دۆخی تەندروستییان جێگیرە و سەرجەمیان نێردراونەتەوە ماڵەوە.''
 
بەگوتەی لێپرسراوی بەشی پتەوکردنی تەندروستیی هەڵەبجە، لەو رێژەیەی تووشی سکچوون و رشانەوە بوونە، 92 کەسیان منداڵن و گوتیشی، هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە سنووری هەڵەبجە تۆمار نەکراوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە لە سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە زیادیکردووە، دواجار دەرکەوت بەشێک لەوانەی سکیانچووە و رشاونەتەوە تووشی کۆلێرا بوون.
 
دوێنێ پێنجشەممە، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا لەو شارە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن، ئەوە جگە لەوانەی سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، بەڵام مەرج نییە هەموویان تووشی کۆلێرا بووبن، تائێستا نزیکەی 10 کەس تووشبوونە.'
 
گومان دەکرێت سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا، ئاو بێت، لێپرسراوی بەشی پتەوکردنی تەندروستیی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، ''هەڵەبجە دوو سەرچاوەی بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان هەیە، کە رۆژانە تیمەکانمان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەردەوام پشکنین بۆ سەرچاوە ئاوییەکان دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نەرێنی وەکو پیسبوونی ئاو نەبینراوە.''
 
وەک لوقمان عەبدوڵڵا گوتی، ''لە ئێستاوە دەبێ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکی تەواو بکرێت، چونکە لە وەرزی پاییزدا ئەو نەخۆشییە سەرهەڵدەداتەوە و پێویستە بەردەوام پشکنین بۆ ئاوی ماڵان و سەرچاوە ئاوییەکان بکرێت.''
 
کۆلێرا، نەخۆشییەکی رەوانی درمیی ترسناکە، دەبێتە هۆی هەوکردنی تووندی ریخۆڵە، بەهۆی میکرۆبی بەکتریایی"ڤیبیریۆ کۆلێرا" دروستدەبێت، نەخۆش تووشی سکچوونی تووند و رشانەوە و وشکبوونەوە دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆکاری گیانلەدەستدان ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، نەخۆشییەکە هەندێک کات بەشێوەی پەتا روودەدات و هەندێک کاتیش بەشێوەی تاک تاک دەبێت.
 
نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا بریتیین لە: "سکچوونی تووند، بەجۆرێک پاشەڕۆی نەخۆشەکە شل دەبێتەوە، رشانەوە و بێهێزی، ئازاری ماسولکەکانی لەش، بەڵام تای لەگەڵدا نییە."
 
لە ئەنجامی سکچوون و رشانەوە نەخۆش تووشی وشکبوونەوە و دابەزینی گوشاری خوێن دەبێت و گورچیلەکانی ‌هێدی هێدی لەکار دەکەوێت و لەوانەیە نەخۆشەکە گیانلەدەستبدات، ئەگەر زوو چارەسەری پێویست وەرنەگیرێت.