تەندروستیی جیهانی: شیرپێدانی سرووشتی دڵەڕاوکێی دایک کەمدەکاتەوە

دوێنێ کاژێر 09:12
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، شیرپێدانی سرووشتی سەرەڕای سوودە جەستەییەکانی بۆ دایک و کۆرپە، سوودی دەروونیشی هەیە و گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی دایک کەمدەکاتەوە.
 
بڵاوکراوەیەکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەریدەخات، دایکان کاتێک شیری خۆیان بە منداڵەکەیان دەدەن گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێیان کەمدەبێتەوە؛ ئەویش بەهۆی ئەوەی کە شیرپێدانی سرووشتی یارمەتیی دەردانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین دەدات کە هۆرمۆنی ئاسوودەیی و دڵخۆشییە.
 
هاوکات WHO رایدەگەیێنێت، بۆ نەوەیەکی سەلامەت و تەندروستتر پێویستە هەر منداڵێک تاوەکو تەمەنی شەش مانگی تەنیا شیری دایک بخوات و هیچ شیرێکی قوتوو و خۆراکێکی دیکەی نەدرێتێ، جگە لە هەندێک دۆخی تایبەت بە تەندروستیی دایک و منداڵەکە.
 
بە گوێرەی رێکخراوەکە، شیری دایک بەرگریی جەستەی منداڵەکە بە‌هێزدەکات، چونکە دەوڵەمەندە بە دژەتەنی دژ بە ڤایرۆس و بەکتریاکان، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە هەستیاریش لە منداڵ کەمدەکاتەوە و چەندان سوودی دیکەشی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە