لە چین منداڵێک لەنێو سکی دایکی دا نەخۆشییەکی سکماکیی چارەسەردەکرێت

02-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە نەخۆشخانەیەکی چین نەخۆشییەکی سکماکیی کۆرپەلەیەک لەنێو سکی دایکی دا چارەسەردەکرێت و پزیشکێک دەڵێت: لە هەفتەی 25ـی دووگیانیدا نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کرد و سەرکەوتوو بووە.
 
لە ناوەندی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی شینخوای چین کۆرپەلەیەک کە دووچاری ناڕێکییەکی سکماکی لە دڵیدا بوو، لەنێو سکی دایکی دا چارەسەرکرا.
 
باوکی منداڵەکە دەڵێت: ''لە پشکنینەکان دەرکەوت کە منداڵەکەم کێشەیەک لە دڵی هەیە، بیستنی ئەو هەواڵە بۆ ئێمە کارەسات بوو و لە نەخۆشخانەی ناوخۆیی پێیان گوتین کە ئەگەری ژیانی نییە''.
 
خێزانی منداڵەکە خەڵکی پارێزگای شینخوان لە چین و لە 25 هەفتەی دووگیانیدا دەرکەوتووە کە زمانەی دوو پەڕەیی دڵی کۆرپەلەکەیان تەسکبووەتەوە کە ئەمەش یەکێکە لە ناڕێکییە سکماکییەکان.
 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەکە کراوە و پسپۆڕانی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دڵ بۆیان دەرکەوت، منداڵەکە دووچاری ئاوسان و سستبوونی دڵ و بەریشاڵبوونی سکۆڵەیی بووە، بۆیە بڕیاریان دا کە چارەسەری بۆ بکەن.
 
بە گوتەی د. چێن سەن، بەڕێوەبەری سەنتەری دڵی منداڵان لە ناوەندی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی شینخوای چین، لە هەفتەی 28ـی دووگیانیدا نەشتەرگەرییان بۆ کۆرپەلەکە کرد تاوەکو ئەو ناڕێکییە سکماکییە چارەسەربکەن.
 
دوای نەشتەرگەرییەکی دیکە، ئێستا تەندروستیی کۆرپەلەکە باشە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی چین، لە هەزار منداڵ، حەوتیان دووچاری نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵن کە بەشێکیان لە خوار تەمەنی حەوت ساڵی دەستنیشان دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە