پسپۆڕێکی مێشک و دەمار هۆکاری زوو لەبیرچوونەوە لەنێو گەنجان ئاشکرادەکات

02-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، مێشک هاوشێوەی ماسوولکە پێویستی بە وەرزش هەیە و چەند رێگەیەک بۆ بەهێزکردنی یادگە پێشنیاز دەکات.
 
د. ویندی سوزۆکی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە ئەمریکا دەڵێت: سێ رێگەی کاریگەر هەن بۆ مانەوەی زانیارییەکان لەنێو یادگە و بیرنەچوونەوەیان وەکو ''دووبارەکردنەوە، پێکچووانی زانیارییەکە بە شتی دیکە و بەکارهێنانی هەستەوەری دیکە بۆ بەرجەستەکردنی زانیارییەکە''.
 
د. ویندی سوزۆکی روونی دەکاتەوە، ''ئەگەر وشەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر لە یادگەمان بمێنێتەوە ئەوا پێویستە بەرجەستەی بکەین واتە بیبینین یاخود بینووسینەوە یانیش بە گوتن دووبارەی بکەینەوە، تاوەکو بە زیاتر لە هەستێک بە مێشک بگات''.
 
لەبارەی گەنجانیشەوە دەڵێت: بەهۆی ئەوەی کە مێشکیان ''تەمبەڵ'' دەکەن بە خۆخەریککردن بە شتی لاوەکی و سۆشیاڵ میدیاوە، هەروەها بایەخنادەن بە رێگەکانی بەهێزکردنی یادگە، بۆیە دەشێت ساڵانە هەست بە لاوازبوونی یادگەیان بکەن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا وەرزش و چالاکیی جەستەیی بە هاندەرێکی باش بۆ بەهێزکردنی یادگە و مێشکیان دادەنێت، بەجۆرێک هەفتانە سێ بۆ چوار رۆژ چالاکیی هەوایی هەبێت وەکو 'بەسەر پلیکانە کەوتن، سەماکردن، بەپێ رۆیشتن، پەت پەتێن، تێنس، مەلەکردن و پایسکیلسواری'.
 
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر نموونەکانی چالاکیی جەستەیی رۆژانە کلیک لێرە بکە.
 
ئەو پسپۆڕە چەند رێگەیەک بۆ باشترکردنی فەرمانەکانی مێشک و یادگە پێشنیاز دەکات وەکو؛
 
- خەوی رێک؛ رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر.
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؛ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و ئاژەڵ.
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی؛ ئەنجامدانی وەرزشەکانی خاوبوونەوە وەکو 'راگرتنی هەناسەدان و هەناسەدانی قووڵ، یۆگا و نوێژ'.
- خۆراکی تەندروست؛ بایەخدان بە خۆراکە پڕۆتینییەکان، چەورییە ناتێرەکان و دژەئۆکسێنەکان.
- بایەخدان بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول.
 
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە پێی باشە، مادە خۆراکییە بەسوودەکان بۆ مێشک لە رێگەی خۆراکەوە وەربگیرێن نەک لە رێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکان.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی، ئەم خۆراکانەی خوارەوە دەوڵەمەندن بە چەوریی ئۆمێگا 3؛
 
- گوێز
- ماسی
- لۆبیا
- رۆنی قەوزە
- کاڤیار
- تۆوی چیا
- پاقلەی سۆیا
- سپێناخ
 
هەروەها ئەم خۆراکانەی خوارەوە دەوڵەمەندن بە پڕۆتین؛
 
- سینگی مریشک
- ماسیی سەلەموون
- گۆشتی مانگا
- ماست
- فاسۆلیا
- سپێنەی هێلکە
- نیسک
- گوێز
- تۆوی چیا
- شیر
 
ئەمانەی خوارەوەش خۆراکی دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسێنەرەکان؛
 
- هەنار
- قاوە
- سپێناخ
- برۆکلی
- تەماتە
- گێزەر
- شوکولاتەی رەش
- بلووبێری
- پەتاتەی شیرین
- چای سەوز
- گوێز
- سەوزەکان
- ئاڤۆگادۆ
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە