لە ئەمریکا تیمێک بۆ پاراستنی بێ ماڵەکان لە گەرمابردن، ژیناویان بۆ دادەنێن

02-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تیمێکی تەندروستی لە ئەمریکا خزمەتگوزاریی تەندروستی تایبەت بە خۆپاراستن لە گەرمابردن و جەڵتەی گەرما پێشکێش بە بێ ماڵەکان دەکات.
 
تیمێکی پەیمانگەی پزیشکیی سەر شەقام لە ئەمریکا خزمەتگوزاریی تەندروستی وەکو دانانی ژیناو و تەواوکەری خۆراکی پێشکێش بە بێ ماڵەکانی ئەمریکا دەکەن، چونکە ئەوانەی لەسەر شەقامن لە گەرمادا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
د. لیز فرای، جیگری سەرۆکی پەیمانگەی پزیشکیی سەر شەقام دەڵێت: ''ساڵی رابردوو 645 بێ ماڵ بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها بێ ماڵەکان ناتوانن بچنە بنکە تەندروستییەکان و چارەسەر بۆ خۆیان بکەن''.
 
د. لیز فرای دەشڵێت: ''شەپۆلی گەرما و شێی زۆر مەترسیی جیدی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکات''.
 
بە گوێرەی پەیمانگەکە، بێ ماڵەکان نەک تەنیا لەبەر ئەوەی لەبەرخۆرن، بەڵکو بەهۆی کاریگەریی دەرمانەکانیانەوە جەستەیان هەستیار دەبێت بە کەشوهەوای گەرم یان سارد، یاخود ئەوانەشی کە مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، بەهەمان شێوە زیاتر دووچاری گەرمابردن و جەڵتەی گەرما دەبن.
 
تیمەکە لەنێو بێ ماڵەکان دا دەگەڕێن و ژیناویان بۆ دادەنێن تاوەکو جەستەیان لە وشکبوونەوە بپارێزن، هەروەها دەرمانەکانی بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە و دژە بەکتریاکانیشیان دەدەنێ.
 
د. دەیڤ مۆنسن، سەرۆکی بەشی پزیشکیی تیمەکە دەڵێت: ''پلەی گەرما لە بۆستن گەیشتووەتە زیاتر لە 45 پلەی سیلیزی و رێژەی شێ گەیشتووەتە 70٪، بەمەش بێ ماڵەکان قوربانیی سەرەکی ئەمەن، چونکە بەشێکیان بەهۆی کاریگەریی لاوەکیی دەرمانەکانیانەوە جەستەیان وشکدەبێتەوە و ئەگەری گیانلەدەستدانیان زیاددەکات''.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیشانەکانی گەرمابردن و وشکبوونەوەی جەستە ئەمانەن؛ 
 
* نیشانە و لێکەوتەکانی گەرمابردن
 
- ئارەقکردنەوە
- سەرسووڕان
- هێڵنج و رشانەوە
- جەڵتەی گەرما
- وشکبوونەوەی جەستە
- بوورانەوە
- گیانلەدەستدان
 
* نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە
 
- تۆخبوونی رەنگی میز
- خێرا لێدانی دڵ
- لاوازی و بێهێزی
- سەرسووڕان
- سەرئێشە
- وشکبوونەوەی پێست
- تینوویێتی
- وشکبوونەوەی چاو
- سستبوونی گورچیلەکان
- لەهۆشخۆچوون
 
لەم گرافیکەی خوارەوە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە رووندەکرێنەوە؛

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە