توێژینەوەیەک لە ئەڵمانیا: گەرمای شەوانە مەترسیی جەڵتەی مێشک زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نەخۆشخانەی زانکۆی ئوگسبێرگ دەریدەخات، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە شەواندا مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاددەکات.
ئەم توێژینەوەیەی نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆگسبێرگ ئاماژە بەوەدەکات، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەتوانێت کارکردنی سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان تێکبدات، وەکو فشارێکی قووڵ کاردەکات و کاریگەری لەسەر گرژبوونی خوێنبەرەکان دەبێت.
زانکۆی ئۆکسبێرگ رایدەگەیێنێت، بۆ ئەم توێژینەوەیە توێژەران داتای نەخۆشەکانیان لە نەخۆشخانەی ئۆگسبورگ لە ئەڵمانیا لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا کۆکردۆتەوە و دەرکەوتوە لە نێوان مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، ئەو مانگانەی زۆرترین گەرمی تێدا بووە نزیکەی 11 هەزار هاوڵاتی تووشی جەڵتەی مێشک بوون.
د.چێنگ هان پزیشکی پسپۆڕی دڵ لە سەنتەری پزیشکی سادلباک لە ئەمریکا دەڵێت، ''ئەنجامەکان جێگەی نیگەرانین ئێمە دەزانین کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، ئامارەکانی ئەم توێژینەوەش دەرخەری ئەمەن".
بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتەی مێشک لە شەوانی گەرمدا پێویستە ئەم رێکارانە بگیرێنە بەر؛ زۆر ئاو خواردنەوە، فێنک راگرتنی کەشی ژوورەوە، خۆشۆردن و بەکارهێنانی جل و بەرگی تەنک.