لووتکەی تەندروستیی کوردستان دەستپێدەکات
رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بۆردی باڵای لووتکەکەش دەڵێت: ''پێشبینیدەکەین زیاتر لە دوو هەزار کەس لە 38 وڵات و 14 رێکخراوی نێودەڵەوتی بەشداری بکەن''.
بۆردی باڵای لووتکەی تەندروستیی کوردستان رایدەگەیێنێت، سێیەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە سلێمانی لەژێر چاودێریی فەخامەتی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایێنێت.
لووتکەی تەندروستیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی ئایاری 2024 بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی لەنێو کامپی نوێی زانکۆکە بە بەشداریی پسپۆڕانی 38 وڵات و 14 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 25 زانکۆی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایێنێت.
گۆشان قەرەداخی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی لووتکەکە و پسپۆڕی تەندروستیی نێودەوڵەتی دەڵێت، پێشبینیدەکەن نزیکەی دوو هەزار کەس لەماوەی سێ رۆژی لووتکەکە لە پانێڵ، وۆرکشۆپ، فۆکەس سێشن، چالاکی و کۆبوونەوە گرنگەکانی لووتکەکە بەشداربن و گرنگترین بابەتەکانی سیستمی تەندروستی، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، تەندروستیی گشتی و گۆڕانی کەشوهەوا تاوتوێبکەن.
لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە سلێمانی بە بەشداریی زیاتر لە دوو هەزار کەس دەستپێدەکات و قسەکەر و میوانەکانی لە 38 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 2, 2024
لووتکەی تەندروستیی کوردستان هاوبەشێکی لووتکەی تەندروستیی جیهانییە و لە لووتکەکەی ئەم ساڵ تەندروستیی گشتی و گۆڕانی کەشوهەوا تەوەری سەرەکیی… pic.twitter.com/ikQ5Zij2g8
هاوکات گۆشان قەرەداخی گوتی، ''جگە لە کەرتی تەندروستی، کەرتی خوێندنی باڵاش بە کاراییەوە بەشداردەبن لەگەڵمان، ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ کاری پێکەوەیی و بنیاتنانی بڕیار لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی ورد و پێویست''.
لە لووتکەی تەندروستیی کوردستان تەندروستیی گشتیی و گۆڕانەکانەکانی کەشوهەوا گەنگەشەدەکرێن و کەرتی تەندروستی و کەرتی خوێندنی باڵا بەشداری لووتکەی تەندروستی دەکەن، هەروەها بایەخی رۆڵی پەرستاری لە کەرتی تەندروستی مژارێکی لووتکەی تەندروستیی کوردستانە، پاشانیش پێشنیازەکانی نێو لووتکەکە کۆدەکرێنەوە و دەدرێنە لایەنی پەیوەندیدار.
هیوادارن لووتکەی تەندروستیی کوردستان ببێتە بناخەیەکی پتەو بۆ پێشخستنی پلانێکی ستراتیژیی درێژخایێن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و پاراستنی تەندروستیی گشتی لە وڵاتدا.