ئەمریکا مەرجی پشکنینی کۆرۆنا بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتەکە هەڵدەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی ئایارەوە گەشتیاران دەتوانن بەبێ‌ پشکنینی کۆرۆنا سەردانی وڵاتەکەیان بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 1ی ئایاری 2023 وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رایدەگەیێنین کە حکومەت لە 11ی ئایاری ئەمساڵ، رێگە بە گەشتیاران دەدات بەبێ هەبوونی پشکنینی کۆرۆنا، سەردانی ئەمریکا بکەن."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021ـەوە ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بە رێژەی 95% کەمی کردووە و ئەوانەشی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون 91% کەمیکردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رایدەگەیێنێت داواکردنی پشکنینی کۆرۆنا لە گەشتیاران لە کاتی گەشتکردنیان، ژیانی ملیۆنان کەسی پاراستووە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئاداری 2020ـەوە، لەدوای راگەیاندنی باری نائاسایی تەندروستی لە ئەمریکا، گەشتیاران ناتوانن بەبێ هەبوونی پشکنینی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکاوە گەشت بکەن.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 103 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش نزیکەی یەک ملیۆنیان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە 750 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون و شەش ملیۆن و 800 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.