حکومەتی ئوسترالیا نەخۆشیی لەبیرچوونەوە لە نەخۆشیی دڵ بە مەترسیدارتر دەزانێت

02-05-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندێکی تایبەت بە تووشبووانی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە لە سیدنیی ئوسترالیا بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە کە توانای داراییان نییە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە لە نەخۆشیی دڵ بە مەترسیدارتر دەزانێت.
 
شیرلین کۆلبێرتم هاوژینی ستیڤین کۆلبێرتە و چووەتە ناوەندەکە و ساتێک لەگەڵ هاوژینەکەی بەسەر دەبات. شیرلین کۆلبێرت هاوژینەکەی تووشی لەبیرچوونەوە بووە و دەڵێت، "ستیڤین نزیکەی 54 ساڵ بوو، کە خانووەکەمان نۆژەن کردەوە و دواتر گەڕاینەوە نێوی، هەستم بە شتێک کرد لە ستیڤندا، چونکە هەڵسوکەوتی تێکچوو. دەبوایە بیهێنمە ئێرە، لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە تەندروستیی تێکچوو."
 
لە ساڵی 2022دا 400 هەزار کەس لە ئوسترالیا نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیان هەبووە. پێشبینی دەکرێت ساڵی 2058، ژمارەیان بگاتە 800 هەزار کەس.
 
حکومەتی ئوسترالیا، لە ریزبەندیی نەخۆشییە مەترسیدارەکان، نەخۆشیی لەبیرچوونەوەی خستووەتە پێش نەخۆشیی دڵەوە.
 
بەگوێرەی زانکۆی سیدنی، 150 جۆر نەخۆشیی لەبیرچوونەوە هەن، زەهایمەر یەکێکە لەوانە. ئەو کەسانەی نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیان هەیە 60%ـیان لە جۆری زەهایمەرە.
 
گریگ بوکڵی، پزیشک ئاماژە بەوە دەکات، "چەند جۆرێکی رەفتار هەن لە تووشبووانی نەخۆشییەکە و هەندێکیان شەق دەوەشێنن، شت دەڕوشێنن، مشتەکۆڵە دەوەشێنن، زللـە دەهاوێژن و زۆری دیکەش. ئەمە بەهۆی ئەوەوە نییە کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵکو بەهۆی نەخۆشییەکەوەیە. ئەوەی ئێمە دەیکەین رێگریکردنە لە ئەنجامدانی ئەو رەفتارانە."
 
بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن کەس نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیان هەیە، 60%ی ئەو ژمارەیە لە چینی مامناوەند و هەژارن. هەموو ساڵێک نزیکەی 10 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە دەبن. لەنێو بەتەمەنەکاندا، نەخۆشییەکە حەوتەم هۆکاری مردنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە