رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، خاوکردنەوەی قژ بەو بەرهەمانەی پێکهاتەی کیمیاییان تێدایە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر توانای وەچەخستنەوە لە خانماندا دروستدەکات.
توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلۆرادۆ لە ئەمریکا بە هاوبەشیی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا دەریدەخات، قژخاوکەرەوە کیمیاییەکان مەترسیی تووشبوون بە نەزۆکی لە خانماندا زیاددەکەن، بەهۆی بوونی مادەی کیمیایی ژەهراویی لە نێو بەرهەمەکاندا.
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی 11 هەزار خانم بەکارهات و دەرکەوت، ئەو خانمانەی رەشپێستن یاخود گەنمین زۆرتر کاریگەریی مادە کیمییایەکانی نێو قژخاوکەرەوەکانیان لەسەرە.
د. لاورین وایس، پسپۆڕی پەتازانی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''مادەکانی وەکو فینۆڵ، تاڵەیت و پارابینەکان لە بەرهەمەکانی جوانکاری بەکاردەهێندرێن کە زۆربەکارهێنانیان زیان بە تەندروستیی دەگەیێنێت، بەجۆرێک مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و هەستیاری زیاددەکەن.''
لە کۆتاییدا لاورین وایس رێنوێنیی خانمان دەکات، بە بڕێکی کەم قژخاوکەرەوە کیمیاییەکان بەکاربهێنن. لەبارەی خانمانی دووگیانیش دەڵێت: ''نابێت لەماوەی دووگیانیدا کیراتین و سەرجەم مادە کیمیاییەکان بۆ خاوکردنەوەی قژ بەکاربهێندرێت، چونکە لەوانەیە کەمێک لە مادە کیمیاییەکان بگەنە کۆرپەلە و زیانی پێ بگەیێنن.''
قژ خاوکەرەوە کیمیاییەکان لە شێوەی کرێم یاخود گیراوە بەردەستن و رۆڵیان هەیە لە خاوکردنەوەی قژ، چونکە پڕۆتینی پێکهاتەی قژە لوولەکان تێکدەشکێنێت و وایان لێدەکات بۆ هەمیشە بە خاوی بمێننەوە.
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا، زۆر بەکارهێنانی قژخاوکەرەوە کیمیاییەکان 30٪ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و 60٪ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاددەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ