تەندروستیی جیهانی: لە 100 منداڵی تازەلەدایکبوو، یەکێکیان ئۆتیزمە

02-04-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ئەمڕۆ 2ی نیسانی 2024 بە رۆژی جیهانیی ئۆتیزم دانراوە و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشیاری و روونکردنەوەی بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی ئۆتیزمن دەخاتەڕوو.
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەیی هەیە بۆ دروستبوونی منداڵی ئۆتیزم، هاوکات ئەوەش ئاشکرادەکات کە لە دوای تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵی دەستنیشاندەکرێت.
 
منداڵ دەبێتە ئۆتیزم لە ئەنجامی ناتەواو دروستبوونی مێشکی لەکاتی کۆرپەلەییدا، هەروەها دۆخێکە کە چارەسەری نییە، بەڵام دەکرێت بە راهێنان ژیانی منداڵی ئۆتیزم باشتربکرێت. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 100 منداڵی تازەلەدایکبوو؛ یەکێکیان ئۆتیزمە.
 
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ئەمریکیش چەند رێگەیەک بۆ مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەکەیان رادەگەیێنێت بەم شێوەیە؛
 
1- خۆیان لەگەڵ بیرکردنەوەکانی منداڵەکەیان بگونجێنن و شوێنێکی ئاسوودەی بۆ دابینبکەن، پاشانیش لەکاتی ئەنجامدانی هەر کارێکی باش و جوان پاداشت و ستایشی منداڵە ئۆتیزمەکەیان بکەن.
 
2- هەل بە منداڵە ئۆتیزمەکەیان بدەن، ئەو یارییانە بکات کە پێی خۆشە و چێژیان لێوەردەگرێت، هەروەها یارمەتیی بدەن لە فێربوون لەڕێگەی هێڵکاری، وێنە و ئاماژە.
 
3- دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی، بەجۆرێک کە هەست بە جیاوازی نەکات لەنێوان منداڵەکانی دیکە یاخود لەنێوان کەسانی نێو کۆمەڵگە.
 
4- هەل بۆ منداڵی ئۆتیزم بڕەخسێت لە ئەنجامدانی چالاکی و یاریی بەکۆمەڵ، هەروەها تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی هەبێت لەگەڵ کەسانی دەوروبەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە