کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان: 89٪ـی منداڵانی ئۆتیزم هیچ مووچە و هاوکارییەکیان نییە

02-04-2024
شکار رێبوار
کۆمەڵێک منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەرێکی راهێنان. وێنە: رووداو
کۆمەڵێک منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەرێکی راهێنان. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان رایدەگەیێنێت، 89٪ـی منداڵی ئۆتیزم مووچەیان نییە و زۆرینەی خێزانەکانیان لەئاستی هەژاریدان و توانایان نییە منداڵەکەیان ببەنە سەنتەرە تایبەتەکان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی نیسانی 2024 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی ئۆتیزم، کۆمەڵەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، لەکۆی زیاتر لە سێ هەزار و 600 منداڵی ئۆتیزم، تەنیا 49 سەنتەر بۆ ئۆتیزم هەیە؛ هەشتیان حکومین کە تەنیا 12٪ـی منداڵی ئۆتیزم لێیان سوودمەند دەبێت.
 
کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان تایبەت بە رووداو گوتی، تائێستا زیاتر لە 50 خێزان بەهۆی منداڵە ئۆتیزمەکەیانەوە لەیەکدی جیابوونەتەوە و 40٪ـی خێزانی منداڵە ئۆتیزمەکان باری داراییان لەئاستی هەژاریدایە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا کەمال جەباری گوتیشی، لەکۆی 49 سەنتەری ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، 41ـی تایبەت و هەشت سەنتەریش حکومین، هاوکات دەڵێت: سەنتەرە حکومییەکانی ئۆتیزم کوالێتییان نزمە.
 
کەمال جەباری ئاماژەی بەوەشکرد، 35٪ـی خێزانەکانی منداڵە ئۆتیزمەکان کرێچین و بەشێکی زۆریان باری دەروونیی خێزانەکانیان تێکچووە.
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەکە، تەنیا 12٪ـی منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەرە حکومییەکانن و 89٪ـی منداڵی ئۆتیزم مووچەیان نییە، تەنانەت روونی دەکاتەوە، دوای ساڵی 2012 هەموو جۆرە هاوکاری و دابینکردنی مووچەیەک بۆ منداڵانی ئۆتیزم نەماوە.
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، لە هەولێر 1300، سلێمانی و هەڵەبجە 900، دهۆک 800 بۆ 850، زاخۆ 300 و لە گەرمیانیش 315 منداڵی ئۆتیزم هەن، کە کۆی گشتی زیاترە لە سێ هەزار و 600 منداڵی ئۆتیزم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە