لە چین منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم فێری ئەسپسواری دەکرێن

02-04-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
تووشبوویەکی ئۆتیزم لە پەکین فێری ئەسپسواری دەکرێت. وێنە: AFP
تووشبوویەکی ئۆتیزم لە پەکین فێری ئەسپسواری دەکرێت. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەکین بەشێک لەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە لە یانەیەک فێری ئەسپسواری دەکرێن؛ بەشێک لەوانەی ئۆتیزمیان هەیە سەرەڕای ئەوەی ناتوانن گفتوگۆ بکەن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ببەستن، بە باشی دەتوانن لەگەڵ ئەسپ مامەڵە بکەن.
 
لوشیا ژوو، راهێنەر دەڵێت، "پێویستت بە بەکارهێنانی زمانێکی زۆر نابێت لەگەل ئەسپدا. تەنیا پێویستە بە نەرمونیانی قاچ و جەستەمان بەکاربهێنین. بۆ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم ئەمە ئاسانە، ئەوەی قورسە پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی "وایس ڤۆت،" بەریتانیا زۆرترین تووشبووی ئۆتیزمی لێیە و لە 100,000 کەسدا، 700 کەس ئۆتیزمیان هەیە. دووەم وڵات سوێدە کە لە 100,000 کەس، 661 کەس ئۆتیزمیان هەیە. عێراق لە ریزبەندییەکەدا 177ـەم وڵاتە و لە 100,000 کەسدا 297 کەس ئۆتیزمیان هەیە، کۆی گشتی 125,448 کەس ئۆتیزمیان هەیە. لە 100,000 منداڵ و مێرمنداڵ 328یان ئۆتیزمیان هەیە کە دەکاتە 44,416.
 
توێژینەوەیەکی رێکخراوی سپارک ئاماژە بەوە دەکات، ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە و ئەسپسواری دەکەن، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە بەراورد بەوانەی ئەسپسواری ناکەن.
 
ڤێنیسا ڤاندێڤرەی، بەڕێوەبەری یانەی ئەسپسواری دەڵێت، "ئێمە بڕیارماندا رێکخراوی (هیوا) بانگهێشت بکەین و یانەکە بۆ ئەوان تەرخان بکەین. ئەمەش سوود بە تەندروستیی ئەوان دەگەیێنێت و زۆر کەس لەلای ئێمە باشتر بووە."
 
یەک لەسەر شەشی ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە ناتوانن گفتۆگۆ بکەن؛ یەک لەسەر 10شیان وردەگەرییان نییە (بێ تەرکیزن)، سێیەکی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە خەمۆکیشیان هەیە، سێیەکی ئەو منداڵانەشی ئۆتیزمیان هەیە بەهرەدارن. سێیەکی دایک و باوکی ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە هەست بە تەنیایی دەکەن.
 
نزیکەی 75 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئۆتیزیمیان هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 1%ی جیهان. ساڵی 2021، لە هەموو 100 منداڵێک، منداڵێک ئۆتیزمی هەبووە. لە ساڵی 2000ەوە ئۆتیزم 178% زیادیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە