رێکخراوی هێڤی: ساڵی 2022 زیاتر 497 هەزار نەخۆش سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانمان


رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "مێدیکاڵ کوردستان" بەڕێوەدەچێت، کۆنفراسێک بۆ خستنەڕووی توێژینەوە پزیشکییەکان و هاوبەشیکردنی نوێترین توێژینەوەکان. بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی هێڤی کە بەشدارێکی کارای کۆنفرانسەکەیە دەڵێت، پار زیاتر لە 497 هەزار نەخۆش سوودیان لە پڕۆژەکانیان وەرگرتووە.
 
رێکخراوی هێڤی بۆ کاروباری تەندروستی، بەشدارێکی سەرەکیی کۆنفراسەکەیە. دکتۆر داڤان کاک ئەحمەد، نوێنەری بەشی تەندروستی لە نووسینگەی تەندروستیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "بەرچاوڕوونییەک بۆ پزیشکان و هاووڵاتییان و هەموو ئەو کەسانەی کە سەردانیکەری ئەم کۆنفرانسە دەبن کە لایەنی پزیشکی وەکو کارێکی خێرخوازی پێشان بدەین."
 
دکتۆر داڤان کاک ئەحمەد دەشڵێت، لەو رێگەیەوە دەیانەوێت "سوود بە هەزاران" کەس بگەیێنن کە لە کەمپەکان دەژین یان کەمدەرامەتن. باسی لەوەش کرد کە رێکخراوی هێڤی بە خۆبەخش چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانە دەکات کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان نەخۆشیی دیکەیان هەیە.
 
رێکخراوی هێڤی لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە، لەلایەن بەشی تەندروستیی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. رێکخراوەکە بێ بەرامبەر لە بواری تەندروستی و چارەسەری پزیشکی بەتایبەتی بۆ منداڵان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و کەمپەکان کاردەکات.
 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی رێکخراوی هێڤی، چارەسەرکردنی ئەو جۆرە نەخۆشییانەیە کە دەگمەنن یان لە عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەریان نییە، ئەویش بە هێنانی پزیشکانی پسپۆڕ یان ناردنەدەرەوەی نەخۆش.
 
رێکخراوەکە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمێکی پزیشکیی ئیتاڵی هەیە کە تاوەکو ئیستا تیمەکە 823 نەشتەرگەری ئەنجامداوە و 532 نەخۆشیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی ئیتاڵیا کراون.
 
دکتۆر محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی هێڤی بە رووداوی گوت، "رێکخرای هێڤی پڕۆگرامێکی زۆر تایبەتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکانی دڵی زکماکییان هەیە، هەروەها نەخۆشییەکانی گورچیلەی سکماکی. لە ساڵی 2022 زیاتر لە 497 هەزار نەخۆش سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانی رێخکراوی هێڤی."
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن و 503 هەزار نەخۆش چارەسەرییان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی هێڤی بۆ کراوە.