خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر: ئەمساڵ 34 تووشبووی نوێی ئەیدز تۆمارکراون

01-12-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
لوولەی چەند پشکنینێکی خوێن. وێنە: رووداو
لوولەی چەند پشکنینێکی خوێن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تایبەت بە رووداو دەریدەخات، ئەم ساڵ 34 تووشبووی ئەیدزیان تۆمارکردووە، بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکانیش دەڵێت: ''باشترین رێگەی پێشگیری لێی، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-12-2024 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی پێشگیریکردن لە نەخۆشیی ئەیدز؛ د. سەیفەدین محێدین، بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەجیهاندا گەنجان زۆرینەی تووشبووانن و دەشێت دوای 10 ساڵ نیشانەکانیان دەربکەوێت.
 
د. سەیفەدین محێدین دەڵێت: ''بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی سێکسی ناتەندروست دوو رێگەی سەرەکین بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە''.
 
د. سەیفەدین محێدین روونی دەکاتەوە، لەنێو کەسانی هاوڕەگەزخواز رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زۆرە.
 
ئەو پسپۆڕە، داوا لە سەرتاشخانە و ئارایشتگەکان دەکات، هەمیشە کەلوپەلی یەکجاربەکارهاتوو بەکاربهێنن، چونکە هەر کەلوپەلێکی تیژ تێکەڵ بە خوێن و پێست ببێت، دەشێت ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە درێژخایەنەی بۆ بگوازرێتەوە.
 
ئامارەکانی نەخۆشیی ئەیدز لە هەرێمی کوردستان
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێرەوە بە رووداو دراون، لە پارێزگاکە لە ساڵی 2023دا 48 تووشبووی ئەیدز تۆمارکراون، بەڵام لەم ساڵدا 34 تووشبوو تۆمارکراون. کە 13ـیان بیانی بوون و 10 کوردی تێدابووە، 11ـشیان لەنێو ئاوارەکان بوون.
 
ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی 2022دا 28 تووشبووی نوێ تۆمارکراون کە ئەم ژمارەیە لە دوو ساڵی داهاتوودا بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی وەزارەتی تەندروستی کە سەرەتای ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، كۆی تووشبووانی ئەیدز لە هەرێمی كوردستان 87 كەسە؛ 47 لە هەولێر، 30 لە سلێمانی و 10 لە دهۆک. 
 
ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتویەتی، تائێستا 2638 تووشبووی ئەیدز لە عێراقدا تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 470یان گیانیان لەدەستداوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.