رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، پێش بەکارهێنانیان و بەهۆی بەسەرچوونی ماوەکانیانەوە، نزیکەی 419 هەزار قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەرچوون. بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت، "وەرگرتنی ڤاکسین بەڕێژەی زیاتر لە 90٪ کەمیکردووە و لە 11 سەنتەری وەرگرتنی ڤاکسین 9یان داخراون."
رۆژی پێنجشەممە، 1-12-2022، د. ئاسۆ حەمید زەنگەنە، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: ''کوتانی ڤاکیسنی کۆرۆنا کەمیکردووە، چونکە رێژەیەکی زۆر لە خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئێستا رێژەی مردن بەم نەخۆشییە زۆر کەمبووەتەوە و جۆرێک لە بەرگری کۆمەڵگەیی دروستبووە.''
د. ئاسۆ ئاماژەشی بە ماوەی بەسەرچوونی ڤاکسینی کۆرۆنا وەک تەواوی دەرمانەکانی دیکە دا و گوتی: ''ڤاکسینی فایزەر رێککەوتی بەسەرچوونی کەمتر بوو، ئەمەش وای کرد کە بەشێک لە ڤاکسینەکان تێکبچن و ڤاکسینی ئەسترازێنیکاش زۆر داواکاری لەسەر نەبوو."
رێژەی تێكچوونی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بەهۆی بەسەرچوونیان بەپێی وەزارەتی تەندروستی بەمشێوەی خوارەوە بووە:
- فایزەر: 323208 قورچک
- سینۆفارم: 28235 قورچک
- ئەسترازێنیکا: 67486 قورچک
- کۆی گشتی : 418929 قورچک
ئامارەکانی ئەو وەزارەتە نیشانی دەدەن، تائێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 687 هەزار و 714 قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنا بە هاووڵاتییان دراوە:
- قورچکی یەکەم: یەک ملیۆن و 448 هەزار و 985
- قورچکی دووەم: یەک ملیۆن و204 هەزار و 45
- قورچکی سێیەم: 34 هەزار و 589
- قورچکی چوارەم: 98
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان: وەرگرتنی ڤاکسین زیاتر لە 90٪ کەمبووەتەوە
د. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان هۆشداریی دەدات لە کەمیی وەرگرتنی ڤاکسین و دەڵێت، "بەراورد بە 2021، ئەمساڵ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لەنێو خەڵکدا 95٪ زیاتر کەمبووەتەوە. پار لە گەرمیان رۆژانە نزیکەی 400 بۆ 700 کەس ڤاکسیانیان وەردەگرت، ئێستا رۆژانە لەنێوان 20 بۆ 25 کەس وەریدەگرن."
د. سیروان محەممەد ئاشکراشی دەکات، "پار ئێمە 11 سەنتەری پێدانی ڤاکسینمان لە گەرمیان هەبوو، بەهۆی ئەوەی خەڵک زۆر بەکەمی رووی تێکدەکەن، زۆرچار ڤاکسینەکان تێکدەچوون و بەکارنەدەهێنران، بۆیە لەو سەنتەرانە 9مان داخستن."
پرۆسەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا:
- وەزارەتی تەندروستی، تائێستا دوو ملیۆن و 687 هەزار و 614 دۆسی بۆ هاووڵاتییان دابینکردووە
- قورچکی یەکەم، یەک ملیۆن و 448 هەزار و 985
- قورچکی دووەم، یەک ملیۆن و204 هەزار و 45
- قورچکی سێیەم، 34 هەزار و 589
- قورچکی چوارەم: 98
- کۆی قورچکی دابینکراو: دوو ملیۆن و 687 هەزار و 714
"ئەیلوولی داهاتوو ژمارەیەکی زۆری ڤاکسین بەسەر دەچێت"
د. هاژە هوشیار، بەرپرسی بەشی کوتان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا (فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم) بەردەست بووە، بەڵام ئێستا تەنیا ڤاکسینی سینۆفارم بەکاردێت و ژمارەیەکی زۆریش بەردەستە و رێککەوتی بەسەرچوونی تا مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتووە.
سەرچاوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەزگای کۆڤاکسە کە لە رێگەی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی کوتانی منداڵان لە بەرامبەر کۆڤید 19، بەرپرسی بەشی کوتان گوتی: ''بە پێی دوایین رێنماییەکان، دەکرێت ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە منداڵانی سەرەوەی پێنج ساڵ بدرێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە تەمەنی 12 ساڵی بە سەرەوە ڤاکسینیان پێ دەدەین، چونکە ئەو جۆرە ڤاکسینەی کە بۆ منداڵان بەکاردێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەست نییە.''
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان لە قسەکانیدا هۆشداری دا لە بەهەندوەرنەگرتنی کوتان و رایگەیاند، "ئێستا لە چین جارێکی دیکە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە سەریهەڵداوەتەوە و ئەگەری سەپاندنی قەدەخەکردنی هاتووچۆ هەیە، بۆیە دەبێت ڤاکسین وەربگیرێت، کە رەنگە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ساڵانە بێت و دووبارە بکرێتەوە."
بەپێی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید 19، لە ماوەی هەفتەیەکدا پێنج هەزار و 855 پشکنین کراوە و 249 کەس تووش بوونە و 70 کەسیش چاکبوونەتەوە و هیچ حاڵەتی مردن لەم ماوەیەدا تۆمار نەکراوە.
لە هەرێمی کوردستان تائێستا چوار ملیۆن و 555 هەزار و 453 پشکنین کراوە و 466 هەزار و 542 کەسیش تووشی کۆرۆنابوونە و 458 هەزار و 687 تووشبووش چاکبوونەتەوە. هەروەها 387 کەسیش لەژێر چارەسەردان و حەوت هەزار و 469 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ