توێژەرانی بەریتانیا دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری ئەلزەهایمەر دەدۆزنەوە

01-12-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژەرانی پەیمانگەی توێژینەوەی ئەلزەهایمەری بەریتانی دەرمانێک بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئەلزەهایمەر پێشنیازدەکەن، کە دەتوانێت لە قۆناخە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوە و دواخستنی نیشانەکانی هەبێت.  
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نیوئینگلاندی پزیشکی بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات دەرمانە نوێیەکە دەتوانێت رێگری لە لەنێوچوونی خانەکانی مێشک بکات و بە هێرشکردنە سەر خانەکانی ئەمایلۆید نیشانەکانی ئەلزەهایمەر کەمبکاتەوە.
 
پرۆفیسۆر جۆن هارد و هاوکارەکانی لە پەیمانگەی توێژینەوەی ئەلزەهایمەر لە بەریتانیا دەرمانی لیکەینماب (lecanemab)یان دروستکردووە کە کۆمپانیای Eisaiـی ژاپۆنی بەهاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای Biogenـی ئەمریکی بەرهەمیان هێناوە، دەرمانەکە بە هێرشکردنە سەر خانەکانی ئەمایلۆیدی نێو مێشک نیشانەکانی ئەلزەهایمەر دوادەخات. 
 
پرۆفیسۆر جۆن هاردی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''هێرشکردنە سەر خانەکانی ئەمایلۆید 30 ساڵە پێشنیازکراوە، تاقیکردنەوەی دەرمانی لیکەینماب پەیوەندیی نێوان لابردنی ئامایلۆید و خاوکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر پشتڕاستدەکاتەوە.''
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە پێکهاتەی دەرمانەکە رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''دەرمانی لیکەینماب لە دژەتەن پێکدێت کە هانی بەرگریی جەستە دەدات بۆ لەنێوبردنی خانەکانی ئەمایلۆیدی نێو مێشک، سەرەنجام نیشانەکانی ئەلزەهایمەر کەمدەبنەوە و تووشبووانی نەخۆشییەکە کەمتر هەست بە لەبیرچوونەوە دەکەن.'' 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی مایۆکلینیکی ئەمریکی، ئەمایلۆید پرۆتینێکە لە بۆشاییەکانی نێوان دەمارەکانی مێشکی ئەوانەی تووشی ئەلزەهایمەر بوون کۆدەبێتەوە و گرێی جیاواز لە مێشکدا دروستدەکات.
 
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لە کۆنفرانسی تاقیکردنەوە پزیشکییەکانی ئەلزەهایمەر لە سانفرانسیسکۆی ئەمریکا راگەیێندراوە و هەزار و 795 تووشبووی ئەلزەهایمەر بەشدارییان تێداکردووە کە سەرجەمیان لە قۆناخە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە بوون، بەشداربووان لە رێگەی خوێنهێنەر بۆ ماوەی 18 مانگ دەرمانەکەیان وەردەگرت، دوای ئەو ماوەیە دەرکەوت نیشانەکانیان بە رێژەی 27٪ کەمبووەتەوە.
 
پڕۆفیسۆر بارت دی سترۆپەر، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی نەخۆشییەکانی بیرچوونەوە لە بەریتانیا، ئەنجامی توێژینەوەکە بە "زۆر ئەرێنی" دادەنێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، تاقیکردنەوەکە "سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەلزەهایمەر دەتواندرێت چارەسەر بکرێت."
 
هەردوو کۆمپانیای Biogen و Eisai بڕیاریان داوە، بە مەبەستی زانینی دەرەنجامی زیاتر لەسەر کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەرمانەکە لەسەر تووشبووان، لە 2023 دەرمانەکە لەسەر هاووڵاتیی وڵاتەکانی دیکەش تاقیبکەنەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، هەروەها شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن، تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە