وەزیری تەندروستی: ئەمساڵ 69 تووشبووی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

01-12-2021
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن ئایدز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستی رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ 69 تووشبووی (HIV) ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کە لەو ژمارەیە 58ـیان بیانین، ئاماژە بەوەش دەدات ئێستا لە کوردستان بە کۆی گشتی 48 تووشبووی کۆکراوە هەن ئەوانەش باجی تایبەت و فایلی تایبەتیان هەیە و لەژێر چاودێریی تەندروستیدان.
 
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی ئایدز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کاری پێویست بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ئایدز، رۆژانە بە شەو و بە رۆژ لە هەموو دامودەزگا تەندروستییەکان و پەیوەندیدارەکان دەکرێت، لە هەمووی گرنگتر هەموو ئەو بیانیانەی دەمێننەوە و سەردانی وڵات دەکەن بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون، مەرجی سەرەکیی پشکنینی خوێنە، یەکێک لە پشکنینەکان بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئایدزە".
 
بە گوتەی سامان بەرزنجی، ئەو پشکنینە بۆ ئەوانەش دەکرێت کە "پێش هاوسەرگیری، پشکنینی هەموو ئەو کەسانەی کە خوێندەبەخشن و خوێن وەردەگرن، بە تایبەت نەخۆشانی تالاسیمیا کە بەردەوام خوێن وەردەگرن. تیمی تەندروستی لە کارمەندانی تەندروستی ساڵانە دەبێت ئەو پشکنینە بکەن، هەموو ئەو کەسانەی نەشتەرگەرییان هەبێت یان پرۆسەی پێبینی هەناویان بۆ بکرێت پشکنینی پێشوەختەیان بۆ دەکرێت".
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021، "زیاتر لە 318 هەزار پشکنین تایبەت بە دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV لە هەموو تاقیگەکانی نەخۆشخانەکان و تەندروستیی گشتی کراوە، لەنێو ئەواندا 69 حاڵەت لە ئەمساڵدا پۆزەتیڤ بوون واتە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە دۆزراوەتەوە. لەو 69 حاڵەتە 58یان کەسانی بیانی بوون، تەنیا 11 حاڵەتیان هاووڵاتیی عێراقی بوون کە لە هەرێمی کوردستان بوون".
 
سامان بەرزنجی باس لە مەترسیی ئەو ڤایرۆسە و شێوازی گواستنەوەی دەکات و دەڵێت، "ترسناکیی" ئەو ڤایرۆسە لەوەدایە کە مرۆڤ زۆر ئاساییە بۆ ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ هیچ نیشانەیەکی نییە، تەنیا هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە، لە هەمان کاتدا ترسناکی گواستنەوەی هەیە بۆ کەسانی دیکە، رێگەکانی گواستنەوەش بەشێوەیەکی سەرەکی یان لە رێگەی خوێنە، یان لە رێگەی سێکس یان لە رێگەی دایک بۆ کۆرپەکە.
 
سامان بەرزنجی ئاماژە بەوەش دەدات لە ساڵانی رابردوو تاوەکو ئێستا 48 حاڵەتی کۆکراوەیان، ئەوانەش باجی تایبەت و فایلی تایبەتیان هەیە و لەژێر چاودێریی تەندروستیدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە