وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ سێ کەسی هەرێمی کوردستان تووشی ئایدز بوون

01-12-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن ئایدز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئایدزە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، لەکۆی 194 هەزار پشکنینی ڤایرۆسەکە لە ئەمساڵدا، تەنیا 20 تووشبوو تۆمارکراون کە 17 کەسیان بیانین. 
 
ساڵانە لە 1ـی کانوونی یەکەم کە رۆژی جیهانیی ئایدزە، چالاکیی جۆراوجۆر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکان لە مەترسیی ئەو نەخۆشییە بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، "لە رێگەی دەزگە تەندروستییەكانەوە و بەهاوكاری دەزگەكانی راگەیاندن، چەندین هەڵمەتی هۆشیاری جۆراوجۆر بەم ڤایرۆسە بڵاودەكاتەوە و ئامۆژگاریی هاووڵاتیان دەکات كە خۆیان لە هۆكاری تووشبوون بەو ڤایرۆسە بەدووربگرن". 
 
ئایدز بە دوایین قۆناخی نەخۆشیی لاوازبوونی درێژخایەنی بەرگریی جەستە ناسراوە، ئەوەش بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) کە "ترسناكترین" پەتای ڤایرۆسییە لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی بەهۆی كاریگەرییە هەمەلایەنەکانی هەڕەشە لە ژیان و مرۆڤایەتی دەكات. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت "ترسناكیی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە كە كەسی تووشبوو چەندین ساڵ هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت بێ ئەوەی نیشانەی هەبێت و هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەكەش دەبێت".
 
لە سەرتاسەری جیهان نزیكەی 40 ملیۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی HIV ین، زیاتر لە 600 هەزار كەسیش ساڵانە گیانلەدەست دەدەن، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت "خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان بەهۆی كولتوورە جیاوازەكانی كە هەیە و ئەو رێكارانەی كە وەزارەتی تەندروستی دەیکات بۆ گەڕان و دۆزینەوەی تووشبووان، رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییە زۆر كەمە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان".
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەم ساڵدا زیاتر لە 194 هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV) كراوە. لەم ژمارەیە تەنیا 20 هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز تۆمار كراون، كە 17 لەوان بیانین.
 
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی نیشانی دەدەن، لە هەرێمی كوردستان "لە ساڵانی رابردووی زووەوە" تاوەکو ئێستا 305 تووشبووی ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراون، لەو ژمارەیەش تەنها 52 تووشبوو لە هەرێمی كوردستان بوون و 253 تووشبوویان بیانی بوون، "بۆ ئەم مەبەستەش كاری پێویست ئەنجامدراوە". وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوەکەیدا نەیگوتووە، بەدیاریکراوی مەبەستی لە "ساڵانی رابردووی زووەوە" کەیە و چ ساڵێکە. 
 
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان "بەتایبەت گەنجان" دەکات، بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بە ڕووی وڵاتانی جیهان، خۆیان بەدووربگرن لە هۆكارەكانی تووشبوون بەو نەخۆشییە و رێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن "كە بریتییە لە دووركەوتنەوە لە سێكسی لابەلا و ناشەرعی و بەكارنەهێنانی هەموو ئەو كەرەستانەی پیسن كە دەبێتە هۆی برینداربوونی پێست بەم هۆیەوە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە