پزیشکێکی ئەمریکی لە سلێمانی تاقیگەیەکی داناوە و بووەتە سەرچاوەی پشکنینی نموونەیی شێرپەنجەیی لە عێراق
رووداو - سلێمانی
16 ساڵە لەوپەڕی دنیاوە پزیشکێکی بیانی بونیاتی تاقیگەیەکی پزیشکیی لە سلێمانی داناوە، کە ئێستا بووەتە سەرچاوەی پشکنینی نموونەی شێرپەنجەیی لە هەموو عێراق.
د. مایکڵی تەمەنی 83 ساڵە، پڕۆفیسۆری پشکنینی تاقیگەیە، لە ئەمریکاوە هاتووە و خۆبەخشانە چاوی لەوەیە خزمەت بە کەرتی تەندروستی بکات و 20 ساڵی تەمەنیشی تێدا بەڕێکردووە.
د. مایکڵ، پزیشکی پسپۆری تاقیگەیی دەڵێت، "لەو کاتەدا ئەنوەر [شێخە] لە سعودیە کاری دەکرد. لە ساڵانی 2002 و 2003 کە خەریک بوو شەڕی دووەمی کەنداو دەستپێبکات، سەردانی ئێمەی دەکرد. ئەو حەزی لە دامەزراندنی دەرمانی شێرپەنجە بوو لە هەرێمی کوردستان. بەم شێوەیە لەڕێگەی ئەنوەرەوە گەیشتمە ئێرە. یەک دوو ساڵی دیکە کارم کرد، هەندێک پڕۆژەم هەبوو کە دەبوو تەواویان بکەم. لە ساڵی 2008 خانەنشین بووم و هاتمە ئێرە بۆئەوەی بە تەواوی کار بکەم لێرە. تەنانەت ناگەڕێمەوە بۆ ئەمریکا، چونکە لێرە بە تەواوی پابەندم. ئێمە چەندین بەرنامەمان هەیە، پێمان وایە هەریەکەیان گرنگن. پێت دەڵێم تاقیگە چۆن دەستیپێکردووە. چەندین بەرنامەی گرنگمان هەیە لە شوێنی کارکردنمان. کارکردن لە بەشی دەرمان کەمێک لە کشتوکاڵ دەچێت، چونکە ناتوانیت ئەوەی دەیچێنیت تاوەکو بەرهەمی لێ هەڵنەچنیت بەجێیبهێڵیت."
د. مایکڵ، راوکەری شێرپەنجەیە و هەوڵی ئەوەیە بتوانێت نەخۆشییەکان دیاری بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، هەربۆیە بە هەماهەنگیی چەند پزیشکێکی کورد لە کوردستان توێژینەوە دەکات و وانە بە قوتابییەکانیشی دەڵێتەوە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئەمریکییە باسی لەوە کرد، لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 بە بەردەوامی گەشتیان دەکرد لەنێوان دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دەشڵێت، "لە ساڵی 2008ـەوە بۆ دوو هەفتە نەگەڕاومەتەوە ئەمریکا، چێژ لێرە وەردەگرم و پلانم هەیە تاوەکو بتوانم بمێنمەوە."
پزیشکە ئەمریکییەکە لەو ماوەیەی لە نەخۆشخانەی شۆڕش کار دەکات، کەمترین کات گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی، خۆی ویستوویەتی بەردەوام لەگەڵ ئەو تیمە 7 پزیشکییە بێت کە دروستی کردوون بۆئەوەی درێژەپێدەری کارەکانی بن، ئاستی تاقیگەکەشیان بردووەتە ئاستی جیهانی.
د. دانا نەسەرەدین،پسپۆری پزیشکی تاقیگەیی دەڵێت، "رۆژانە زیاتر لە 40 پشکنین دەکەین بۆ ئەو کەسانەی شێرپەنجەیان هەیە، لەگەڵ دکتۆر مایکڵ دەستمان پێکرد و بەردەوامین لە ئیش. هەموومان قوتابیی ئەوین."
هەرچەندە قەیرانی دارایی رێگەی کارەکانی تیمەکەی د. مایکڵی قورس کردووە، بەڵام ئەو لە گیرفانی خۆی هەوڵی کەمکردنەوەی قورساییەکەی داوە. ئەو دەڵێت، سلێمانی لە ڤانکۆڤەری کەنەدا لام خۆشتر و جوانترە، چەند وشەیەکی کوردییش فێربووە.
لە ستایشی هەرێمی کوردستاندا د. مایکڵ گوتی، "بەشە خۆشەویستەکەی کوردستان، هەورامانە. زۆر ناچمە ئەوێ، بەڵام ماڵی دکتۆر رووناک لەوێیە. ئەوەی من حەزم لێی نییە سەروپێیە، بەڵام چێژ لە یاپراخ و برنج و شلەی ئاسایی وەردەگرم."
د. مایکڵ دۆناڵد هیستن، رۆژانە دوای 8 کاژێر لە کاری نێو تاقیگە، بە شەرواڵ یان جلێکی هاوشێوە کوردی، پیاسە دەکاتە و دەچێتە بەردەم مزگەوتی گەورە، چونکە سلێمانی لای ئەو وەکو ڤانکۆڤەری کەنەدایە و سرووشتەکەی دڵڕفێنە.