زانکۆی تێکساس: یارییە هزرییەکان ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر کەمدەکەنەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، یارییە هزرییەکان وەکو پەزڵ، وشەکاری و مەتەڵ ئەگەری تووشبوون بە نیشانەکانی لەبیرچوونەوە کەمدەکەنەوە.
 
توێژەرانی زانکۆی تێکساس لە ئەمریکا دەریدەخەن، یارییە مەتەڵییەکان و ئەوانەشی کە پێویستیان بە بیرکردنەوەی قووڵ هەیە، دەشێت پێشگیری لە پووکانەوەی خانەکانی مێشک بکەن و چالاکتریشیان بکەن.
 
د. ژوونیانگ کیم، پسپۆڕی تەندروستیی بەساڵداچوون لە سکووڵی تەندروستیی گشتیی زانکۆی تێکساس توێژینەوەیەکی کردووە و دەڵێت: 10٪ بۆ 15٪ـی خەڵک کە لاوازبوونی هزر و بیرکردنەوەیان هەیە دەشێت لەبیرچوونەوەیان لێدەربکەوێت لە ساڵێکدا و یەک لەسەر سێی ئەوانەش لە پێنج ساڵدا دەشێت بە تووشبووی ئەلزەهایمەر دەستنیشانبکرێن.
 
هاوکات ئەوەش باسدەکات کە یاریی پەزڵ سوودی زۆری هەیە بۆ ئەوانەی لاوازبوونی مامناوەندیی هزر و بیرکردنەوەیان هەیە، تەنانەت دەڵێت: ئەم یارییەش راهێنان و وەرزشێکی باشە بۆ مێشک و دەتوانیت لەهەر کاتێکدا بێت و لە چ کاتێکدا پێویستت پێی بێت، بیکەی.
 
ئەو پسپۆڕە چەند رێگەیەک بۆ باشترکردنی فەرمانەکانی مێشک و یادگە پێشنیاز دەکات وەکو؛
 
- خەوی رێک؛ رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر.
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؛ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و ئاژەڵ.
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی؛ ئەنجامدانی وەرزشەکانی خاوبوونەوە وەکو 'راگرتنی هەناسەدان و هەناسەدانی قووڵ، یۆگا و نوێژ'.
- خۆراکی تەندروست؛ بایەخدان بە خۆراکە پڕۆتینییەکان، چەورییە ناتێرەکان و دژەئۆکسێنەکان.
- بایەخدان بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3.
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول.