بەڕێوەبەری کوتان لە تەندروستیی سلێمانی: ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بەردەستە و هاونیشتمانییان بچن وەری بگرن

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری کوتان لە تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەبوونی بودجە ناتوانن ڤاکسین بگەیێننە ناوچە دوورە دەستەکان و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزا، بچنە بنکە و نەخۆشخانەکان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەم 2024 د. دەشنێ شەماڵ، بەڕێوەبەری کوتان لە تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەم هەفتەیە 35 هەزار ڤاکسینی ئەنفلەوەنزایان بەدەستگەیشتووە و دەستیشیان کردووە بە دابەشکردنی بەسەر بنکە تەندروستی و نەخۆشخانەکاندا.
 
د. دەشنێ شەماڵ، بەڕێوەبەری کوتان لە تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: وەکو هەڵمەت دەمانەوێت لە چاکسازی و شوێنە گشتییەکان ڤاکسینەکان دابەشبکەین، هەروەها دەشڵێت: ''سەلامەتیی ڤاکسینەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتڕاستکراوەتەوە و سەلامەتن''.
 
بە گوتەی د. دەشنێ، بەهۆی نەبوونی بودجەی تایبەت و کەمیی ستافی تەندروستی، ناتوانن ڤاکسین بگەیێننە ناوچە دوورە دەستەکانی سنووری سلێمانی.
 
لە کۆتاییدا گوتی، ڤاکسینەکە یەک قورچکە و بە دەرزی لەڕێگەی ماسوولکەی قۆڵەوە لێدەدرێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆوە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزانی وەرزی بەردەستە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، خۆیان بکوتن.
 
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە
 
1- شۆردنی دەستەکان بەمەرجێک دەستشۆردنەکە زیاتر بێت لە 20 چرکە
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلینێکس بەکاربهێنن
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی
10-  دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاوازدەکات 
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆت بشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێزدەکات