پسپۆڕێکی کورد بە دروستکردنی مێشکی رۆبۆتی، ناوی دەچێتە نێو 2٪ـی زانایانی جیهان

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
کاتی چاوپێکەوتنی نێوان هیوا جەمال و د. پاوان دزەیی.
کاتی چاوپێکەوتنی نێوان هیوا جەمال و د. پاوان دزەیی.
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

زانایەکی کورد لە ئیتاڵیا بەهۆی توێژینەوەیەکی لەبارەی مێشکی رۆبۆت ناوی دەچێتە نێو 2٪ـی زانایانی جیهان، ئەو دەڵێت، ''دەمانەوێت زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ بگوازینەوە بۆ مێشکی رۆبۆتی و لەمەودوا رۆبۆت لە بری مرۆڤ کار بکات''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 د. پاوان فارس دزەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە لە بەرنامەی هیوا جەمال رایگەیاند، بە سوودوەرگرتن لە پێکهاتەی مێشکی مرۆڤ بۆ دروستکردنی مێشکی رۆبۆتی کاردەکات، تاوەکو رۆبۆتەکە هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و رێگەچارە پزیشکییەکان رۆڵ ببینێت.
 
ئێستا د. پاوان دزەیی، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی پاڤیا لە ئیتاڵیا و مامۆستای زانکۆ و توێژەری زانکۆکەیە، ئەو گوتی، لە داهاتوودا پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ پزیشکان، تاوەکو بتوانن بە ئاسانی کاریگەرترین دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان بەکاربهێنن و بە کاتێکی کەم دەرمانی گونجاو بە نەخۆشەکانیان بدەن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی 2017ـەوە کاری لەسەر دروستکردنی پڕۆژەکە کردووە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە کە چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە بدۆزێتەوە.
 
د. پاوان دزەیی دەڵێت: ''زۆر کار هەیە مرۆڤ ناتوانێت بیکات، بەڵام رۆبۆت ئەنجامی دەدات و ئاسانکاری بۆ مرۆڤەکانیش دەکات، بەتایبەت لە پسپۆڕیی پزیشکیدا، بەجۆرێک تائێستا 70٪ـی زانیارییەکانی مێشک لەلایەن زانایانەوە ئاشکراکراون و دەمانەوێت بیانگوازینەوە بۆ نێو مێشکی رۆبۆتی''.
 
بۆ بینینی وردەکاریی زیاتر لەسەر کارەکانی د. پاوان فارس دزەیی، بینەری ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس بە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە