بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان هاونیشتمانییان لە دەرمانی ساختەی قەڵەوی ئاگاداردەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕێکی زۆر لە دەرمانی ساختەی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم کە ئێستا بۆ قەڵەویش بەکاردەهێندرێت لەنێو بازاڕەکانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، خۆیان بە دوور بگرن لە بەکارهێنانیان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان " KMCA"، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەست بەسەر هەندێک پاکەتی ساختەی دەرمانی 'ئۆزەمپیک' گیراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024 دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئێستا دەرمانی 'ئۆزەمپیک' بە ستیکەری KMCA و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەردەستە و سەلامەت و کاریگەرە بۆ بەکارهێنان، بەڵام لەژێر رێنوێنییەکانی پزیشکی پسپۆڕ.
 
دکتۆر گۆڤەند رەوەند باسی جیاکردنەوەی دەرمانی رەسەن لە دەرمانی ساختەی دەرزیی قەڵەوی دەکات بەم شێوەیە؛
 
دەرمانی رەسەن؛ {لە پلەی گەرمیی گونجاودا هەڵگیراوە} {ستیکەری کوالێتیی کۆنتڕۆڵی پێوەیە} {سەری دەرزییەکە کە لە شێوەی پێنووسە لەکاتی گۆڕینی بڕی دەرمانەکە نایەتە دەرەوە} {کاخەزی رێنوێنیی لەنێو کارتۆنی دەرمانەکە هەیە} {لەزگەی سەر دەرمانەکە بە ئاسانی لێنابێتەوە}.
 
تەنانەت دکتۆر گۆڤەند زیاتر روونی دەکاتەوە، جیاکردنەوەی ئۆزەمپیکی رەسەن و ساختە لە زۆر رێگەوە دەکرێت، ئاسانترینیان لە رێگەی ناسینەوەی شێوەی دەرمانەکەیە، بەجۆرێک قەڵەمی ئۆزەمپیکی رەسەن درێژنابێتەوە، بەڵام قەڵەمی ئۆزەمپیکی ساختە درێژدەبێتەوه.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ''دەرمانی ئۆزەمپیک لە بەرازیل، بەریتانیا، باکووری ئێرلەندا و ئەمریکا ساختەکراون کە لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەوە دروستنەکراون''.