هەفتەی خۆراکی تەندروستە و لێرەوە بزانە رۆژانە چی بخۆیت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ساڵانە 1 تا 7ی ئەیلوول تایبەتکراوە بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی خۆراک و چاندنی خووی خواردنی خۆراکی تەندروست، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین سێمینار، وۆرک شۆپ، بەرنامەی پەروەردەیی، کۆنفڕانس و هەڵمەتی هۆشیاری گشتی بەڕێوەدەچن، ئامانج لێی باشترکردنی شێوازەکانی خۆراک و پشتگیریکردنی داهاتوویەکی تەندروستترە لەنێو تاکەکانی تەمەنە جیاوازەکان. 

بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، رێجیمێکی تەندروست بە درێژایی تەمەنی ژیان پێشگیری دەکات لە تووشبوون بە بەدخۆراکی و نەخۆشییە درێژخایێنەکانی وەکو شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
 
خۆراکی تەندروست و خواردنی خۆراکی پێشنیارکراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چییە؟
 
- سەوزە و میوە: بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژانە خواردنی سەوزە و میوە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان کەمدەکاتەوە و بڕی پێویستی مادەی ریشاڵی بۆ جەستە دابیندەکات ئەگەر بەم شێوەیە بخورێت؛ کەسانی پێگەیشتوو لانیکەم 400 گرام لە سەوزە و میوە بخۆن، منداڵانی تەمەن 2 بۆ 5 ساڵ پێویستە لانیکەم 250 گرام لە رۆژێکدا بخۆن و منداڵانی تەمەن 6 بۆ 9 ساڵ لە رۆژێکدا 350 گرام سەوزە و میوە بخۆن. 
 
- چەوری: کەمتر لە 30%ی کۆی وزەی وەرگیراو دەبێت لە چەوریەکانەوە بێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پێشگیریکردن لە زیادبوونی کێشی لەش و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە نەگوازراوەکان کەمدەکاتەوە.
 
- خوێ و سۆدیۆم: زۆر خواردنی خوێ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دەبێت خوێ کەمبخورێت. 
 
- شەکرەکان: پێویستە وەرگرتنی شەکر کەم بکرێتەوە بۆ کەمتر لە 10%ی کۆی وزەی رۆژانە،  خواردنی شەکری ئەگەری زیادبوونی کێشی لەش، کلۆری ددان و تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی زیاددەکات. 
 
- کاربۆهیدرات: کاربۆهیدرات دەبێت لە خۆراکی دانەوێڵەی تەواو، سەوزە و میوە و سەرچاوەی پەلەوەریەوە وەربگیرێت، رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری خواردنی کاربۆهیدرات دەکات بۆ منداڵانی تەمەن دوو ساڵ و سەرووتر  بۆ تەندروستییەکی باش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە