تەندروستیی گەرمیان 'هۆشداری' دەداتە هاونیشتمانییان: دوو حاڵەتی کۆلێرا لە سنوورەکەمان تۆمار کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان "هۆشداری" دەداتە هاونیشتمانیان و دەڵێت، "دوو حاڵەتی نەخۆشیی کۆلێرا لە سنوورەکەمان تۆمار کراوە."
 
وەکو تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، "حاڵەتەکان یەکێکیان لە قەزای کەلار و ئەوی دیکەیان لە قەزای کفری بووە."
 
هاوکات تەندروستیی گەرمیان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، "رێکارەکانی خۆپارێزی بە باشی جێبەجێ بکەن، لەوانە: راگرتنی پاکوخاوێنیی کەسی، دڵنیابوونەوە لە پاکیی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان، خۆدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو."
 
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان داواش دەکات، هاونیشتمانیان "لەکاتی بوونی حاڵەتی سکچوونی تووند، سەردانی نەخۆشخانە بکەن."
 
تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، تیمەکانیان بەردەوام لە ئەرکدا دەبن و پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاو و شوێنکار و خواردنگە و جێگە گومانلێکراوەکان دەکەن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە.