لە ئەمریکا رەنگە دەستکردەکانی نێو خۆراک قەدەخەدەکرێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

یاسادانەرانی ویلایەتی کالیفۆرنیا رایدەگەیێنن، پرۆژە یاسایێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیان پەسەند کرد بۆ قەدەغەکردنی رەنگی دەستکردی نێو خۆراک کە بەمەبەستی رەنگاورەنگ کردنی خۆراکەکان بەکاردەهێندرێن. 
 
لەم پڕۆژە یاسایەدا هاتووە، ئەم رەنگە دەستکردانە بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی منداڵان دەخرێنە نێو خۆراکەکان و لە زۆرینە قوتابخانەکان دەفرۆشرێن، ئەم رەنگە دەستکردانە دەتوانن ببنە هۆی تووشبوونی منداڵان  بە فرەجوڵەیی، کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان و چەندین کێشەی دیکەی رەفتاری. 
 
جێسی گابرێل، ئەندامی ئەنجومەنی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت، "کالیفۆرنیا بەرپرسیارێتی پاراستنی قوتابیان هەڵدەگرێت لەو ماددە کیمیاییانەی کە زیان بە منداڵان دەگەیەنن و دەستوەردان لە توانای فێربوونیان دەکەن".
 
بە گوێرەی  ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، تووشبوون بە فرەجوڵەیی و چالاکیی زۆر لەنێو منداڵانی ئەمریکا لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بۆیە دەستکردەکانی نێو خۆراک هۆکارێکن بۆ تووشبوون بەم رەفتارانە. 
 
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی لە ئەمریکا، زۆرینەی خۆراکە رەنگاورەنگەکان بە ماددە کیمیاییە دەستکردەکان رەنگ دەکرێن و تەنها لەو خۆراکەکاندا بەکاردەهێنرێت کە بەهای خۆراکیی کەمیان هەیە وەکو 'شیرینی، خواردنەوە گازییەکان و شیرینی جەلاتین' دەبێت هاووڵاتییان دووربکەونەوە لەم جۆرە خۆراکانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە