جارێکی دیکە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە کەرکووک گردبوونەوە

رووداو - تەندروستی 

لە کەرکووک جارێکی دیکە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لەبەردەم فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک گردبوونەوە و ''داوای دامەزراندن دەکەن''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024 بەشێک لە خوێندکارانی دەرچووی بەشە پزیشکییەکان لە کەرکووک گردبوونەوە و داوای ئەوە دەکەن، هەموویان کە ژمارەیان 57 هەزار دەرچووە، دابمەزرێن.
 
یەکێک لە دەرچووەکان بە رووداوی گوت، هەرچەندە بەڵێنی دامەزراندنی هەموویان پێدراوە، بەڵام تەنیا ناوی 28 هەزاریان بۆ دامەزراندن دەرچووە.
 
57 هەزار و 464 دەرچووى بەشە پزیشکییەکان هەن کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، لەو ژمارەیە ناوى 28 هەزار یان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەى دابمەزرێندرێن.
 
 د. ئەبوبەکر راوى، نەقیبی سەندیکاى پزیشکانى ددانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوتووە، "بەو دامەزراندنانە هێشتا 30 هەزار کەسی دیکە دەمێنن، ئەگەر بەگوێرەى یاساى پلەبەندیی تەندروستیی ساڵى 2000 بێت، دەرچوویەکى بەشە پزیشکییەکان ماوەى سێ ساڵ لە کەرتى گشتى کارى نەکردبێت، رێگەى پێنادرێت لە کەرتى تایبەت کار بکات، ئەوە مافێکى یاساییە نەک داواکارییەک بۆ دامەزراندن."
 
بەپێی ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، عێراق پێویستی بە دامەزراندنی بەشێک لەو دەرچووانەی کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان و  هی دیکە نییە، چونکە بە رووداوی راگەیاندبوو: "وەکو دامەزراندن عێراق پێویستی بە دامەزراندنی ئەوانە، بەڵام ساڵانە دەیان هەزاریان لێ دەردەچێت."