نەخۆشخانەی کەلار: مامەڵەی تووشبوون بە کۆلێرا لەگەڵ هەموو نەخۆشانی سکچوون و رشانەوە دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 27ی ئابەوە نەخۆشیی سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی و گەرمیان بڵاوبووەتەوە و 11 کەسیش بە فەرمی وەکو تووشبووی کۆلێرا تۆمار کراون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەلار دەڵێت، 58 کەس لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و وەکو تووشبووی کۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
 
رۆژی هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە نەخۆشی زۆر سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن و ئەوانەی پزیشکان بە پێویستی بزانن دەخەوێندرێن و لەژێر چاودێریی پزیشکدا دەمێننەوە."
 
دکتۆر حارس کە سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی قەڵایە لە کەلار و نەخۆشخانەکە تایبەتە بە چاودێریی ورد و نەخۆشییە گوێزراوەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشخانەی قەڵا توانای خەواندنی 90 نەخۆشی هەیە، بەڵام ئەوان 65 بۆ 70 نەخۆش زیاتر وەرناگرن؛ گوتیشی، "ناتوانین 90 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە وەربگرین، چونکە بەهۆی نەخۆشەکانەوە باشتر وایە تەواوی هۆڵەکان پڕنەبن؛ ئێستا 58 نەخۆش لە نەخۆشخانەکە خەوێندراون."
 
دوێنێ پێنجشەممە تەندروستیی گەرمیان تووشبوونی کەسێکی بە پەتای کۆلێرا راگەیاند. لەوبارەیەوە دکتۆر حارس گوتی، "هەر تووشبوویەکی سکچوون و رشانەوە پێویست بە مانەوە بکات لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بە تووشبووی کۆلێرا هەژماری دەکەین، چونکە هەمان نیشانەکانی هەیە و هەمان چارەسەریش دەکرێت؛ بۆیە هەموو ئەوانەی ئێستا خەوێندراون وەکو تووشبووی کۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."
 
هەر دوێنێ پێنجشەممە، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 100 تووشبووی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن، ئەوە جگە لەوانەی سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، بەڵام مەرج نییە هەموویان تووشی کۆلێرا بووبن. تائێستا نزیکەی 10 کەس تووشی کۆلێرا بوون؛ پێویست ناکات هاووڵاتییان نیگەران بن، تەنیا پێویستە ئاوی پاک بەکاربهێنن و ئەگەر هەر کەس تووش بوو، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەر وەربگرێت و خۆپارێزیش بکات، چونکە نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیی هەولێر و دهۆک، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا لەو دوو پارێزگایە تۆمار نەکراوە. هاوکات تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجەش هیچ تووشبوویەکی کۆلێرای تۆمار نەکردووە و بڵاوی نەکردووەتەوە.
 
چارەسەری نەخۆشیی کۆلێرا لە رێگەی وەرگرتنی ژیناو لە دەمەوە دەکرێت ئەگەر دۆخی نەخۆشەکە سووک بێت، یان لە رێگەی خوێنهێنەرەکانەوە لە نەخۆشخانە ئەگەر دۆخی نەخۆشەکە قورس بێت. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی نەخۆش لە رێگەی سکچوون و رشانەوە لەدەستی داوە.
 
هەروەها لە رێگەی بەکارهێنانی دەرمان وەکو "تیتراسیکلین، دۆکسیسایکلین، ئیریسرۆمایسین، سپرۆفلۆکساین" دەکرێت، بە مەبەستی کورتکردنەوەی ماوەی سکچوونەکە و کەمکردنەوەی ماوەی فڕێدانی بەکتریان لە پاشەڕۆی نەخۆشەکە و هەروەها لە منداڵ بە بەکار‌هێنانی حەبی زینک ماوەی سکچوون کەمدەکاتەوە.