پسپۆڕێک چەند رێگەیەکی کاریگەر بۆ زیادبوونی شیری دایک پێشنیاز دەکات

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون ئاشکرای دەکات، منداڵ نابێت تەنیا لە یەک مەمک شیری پێبدرێت، بەڵکو پێویستە بە هەردوو مەمک شیر بە منداڵ بدرێت، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.
 
د. ئاهەنگ دژوار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: خواردنەوەی شلەمەنی زۆر بەسوودن بۆ دایکەکە تاوەکو شیری زیادبێت و تەنانەت کاریگەری لەسەر دەوڵەمەندیی شیرەکە بە ڤیتامین و مادە کانزاییەکانیش دەبێت.
 
د. ئاهەنگ دژوار چەند رێنوێنییەک بۆ دایکان پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی شیریان زیادبکەن وەکو؛ 
 
1- خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی زۆر و بەسوود وەکو خواردنەوەی 'شەربەتی میوە، شیر و هەشت پەرداخ ئاوی رۆژانە'.
 
2- خواردنی سەوزە و میوەکان و ئەو خۆراکانەی کالۆریی زۆر و بڕێکی زۆر مادەی خۆراکییان تێدایە وەکو 'سپێناخ، گۆشت، هێلکە، ماسی، پەتاتە، خورما و شۆفان، ساوار و جۆ، گێزەر، قەیسی، بادەم و میوە وشککراوەکان'.
 
3- بەکارهێنانی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان.
 
4- مەساجکردن بە مەمک و دانانی گەرمی لەسەر مەمک بۆ ئەوەی رێرەوەکانی شیر فراوانبکەن.
 
5- پێویستە منداڵەکە لە هەردوو مەمکەوە شیر بخوات، کە لەلایەک زیاتر شیر بخوات، شیر لە مەمکەکەی دیکە کەمدەبێتەوە لەگەڵ ئەوەش ماوەی خواردنی شیر لەلایەن منداڵەوە نابێت کورتبێت؛ بە گشتی 20 خولەکی پێویستە، بەجۆرێک هەر لایێک 5-10 خولەک بێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە گوتی، بۆ زیادکردنی شیر لەماوەی دووگیانیدا خۆراکی تەندروست و خواردنەوەی شلەمەنی و فێربوونی تەکنینی شیردان و مەساجکرنی مەمک لە هەفتەکانی کۆتایی دووگیانی بکرێن، بۆ ئەوەی خانمەکە ئامادەبێت بۆ شیرپێدان.