گۆرانیبێژێکی بەریتانی پاڵپشتیی هەڵمەتی شیرپێدانی سرووشتی دەکات

رووداو - تەندروستی 

خانمە گۆرانیبێژ و راپەڕێکی بەریتانی پاڵپشتیی هەڵمەتی شیرپێدانی سرووشتی دەکات و دەڵێت: ''جێی داخە هێشتا دایکان هەست بە شەرم دەکەن لە شوێنە گشتییەکان شیر بە منداڵەکانیان بدەن''.
 
فلۆر ئیست، خانمە گۆرانیبێژ و راپەڕی بەریتانیی 36 ساڵان لە هەفتەی شیرپێدانی سرووشتیدا هەڵمەتێکی بۆ پاڵپشتیی دایکان راگەیاند و هەڵمەتەکە ناوی FreeTheFeedـە و دەیەوێت ئەوە بکاتە کولتوور کە لە گواستنەوەی گشتیدا بەبێ بێزارکردن و شەرمکردن، دایکان شیر بە منداڵی کۆرپە بدەن.
 
لە راپرسییەکی کۆمپانیای ئێڵڤی دا هاتووە کە 78٪ـی خانمان حەزدەکەن لە شوێنە گشتییەکان و بەتایبەتیش لەنێو گواستنەوەی گشتیدا شیر بە منداڵەکانیان بدەن.
 
ئەو خانمە گۆرانیبێژە دەڵێت: ''هیوادارم شیرپێدانی سرووشتی ببێتە کولتوورێکی بەربڵاو، تاوەکو دایکان بەبێ ترس و دوودڵی لە شوێنە گشتییەکان شیربدەن بە منداڵەکانیان''.

هەفتەی شیرپێدانی سرووشتی ئەمڕۆ 1ـی ئاب دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئاب بەردەوامدەبێت؛ ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی دایکانە لە شیرپێدانی سرووشتی و دەرخستنی سوودەکانی شیری دایک بۆ کۆرپە.