توێژینەوەیەک: بەرزەپەستانی خوێن ئەگەری تووشبوون بە لاسەرئێشە زیاددەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی پزیشكیی رۆتەردام لە هۆڵەندا دەریدەخات، ئەوانەی تووشبووی بەرزەپەستانی خوێنن ئەگەری تووشبوونیان بە لاسەرئێشە بەڕێژەی 16٪ زیاترە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، 7 هەزار و 200 کەس لەم توێژینەوەیە بەشداربوون و دەرکەوتووە، بەرزەپەستانی خوێن هۆکارێكی تووشبوونە بە لاسەرئێشە، تاوەکو پەستانی خوێن بەرزتربێت ئەگەری تووشبوون بە لاسەرئێشە زیاتردەبێت. 
 
دکتۆر ئەنتۆنی ڤاندەربرینک، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''جیا لە بەرزەپەستانی خوێن، هیچ نەخۆشییەکی دیکەی دڵ نابێتە هۆی لاسەرئێشە، گیرانی خوێنبەرە بچووکەکان تووشبوون بە لاسەرئێشە زیاددەکات''.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، ئەم نەخۆشییە سەرئێشەیەکی تووندە و یەک لای سەر دەگرێتەوە، دەشێت چەند کاژێرێک بۆ چەند رۆژێک بخایێنێت و هەر یەکە لە رووناکی و دەنگ ئازارەکە تووندتر دەکەن. 
 
بەپێی مایۆکلینیک، چارەسەری پێویست بۆ لاسەرئێشە بریتییە لە دەرمانی گونجاو، خۆپارێزی و گۆڕینی شێوازی ژیان.