WHO: سنووردارکردنی شیری قوتوو رێگەیەکی زیادکردنی شیرپێدانی سرووشتییە

01-08-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

راگەیێندراوێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، شیرپێدانی دایک بە کۆرپەکانیان لە 12 ساڵی رابردوو بەڕێژەی 10٪ زیادیکردووە. 
 
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، گرفتی دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهاندا هەیە و  خانمان ئەو پاڵپشتییە وەرناگرن تا بتوانن بە ئاسانی شیر بە کۆرپەکانیان بدەن، ئەمەش رێگریکردووە لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئەم رێژەیە و وایکردووە خانمان پەناببەنە بەر بەکارهێنانی شیری قوتوو و دەرەنجام زیان بە تەندروستیی کۆرپە دەگەیێنێت.
 
لە هەفتەی جیهانی شیرپێدان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یونیسێف رایدەگەیێنن، پێویستە ژینگەیەکی گونجاو بۆ دایکان برەخسێندرێت و پشتگیریان بکرێت، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لەنێوان خێزان، کۆمەڵگە، کارمەندانی چاودێریی تەندروستی، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاردەران. 
 
ئەم دوو رێکخراوە جەخت دەکەنەوە لە دابینکردنی چاودێریی سیاسەتی شوێنی کار وەکو دابینکردنی مۆڵەتی منداڵبوون بە مووچە لەلایەن خاوەن کارەکان، دابینکردنی پێداویستیی تەندروستیی سەرەتایی و فریاگوزاری بۆ دایکان و سنووردارکردنی بەبازاڕکردنی شیری قوتووەکان و بانگەشەکردن بۆ بەکارهێنانیان. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC، شیری دایک باشترین سەرچاوەی خۆراکە بۆ کۆرپە و مەترسیی چەندین گرفتی تەندروستی لە کۆرپە و دایک کەمدەکاتەوە. 
 
بە پێی ئەم ناوەندە، شیری دایک کۆرپە لە تووشبوون بە هەناسەتەنگی، قەڵەوی، جۆری یەکەمی شەکرە، هەوکردن و نیشانەکانی مردنی لەناکاوی کۆرپە دەپارێزێت، هەروەها شیرپێدان ئەگەری تووشبوونی دایکەکە بە بەرزەپەستانی خوێن، شەکرەی جۆری دووەم، شێرپەنجەی هێلکەدان و شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە