جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیا: زۆرینەی ماڵباتی تووشبووانی تالاسیمیا کەمدەرامەتن

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەشێکی زۆری تووشبووانی تالاسیمیا لە ماڵباتە کەمدەرامەتەکانن و پێویستیان بە مووچەیەکی تایبەت هەیە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئابی 2024 کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تووشبووی تالاسیمیا هەمیشە پێویستی بە چاودێریی تەندروستی هەیە، هەر بۆیە کەسی تووشبوو خەرجییەکی زۆری دەبێت.
 
کۆچەر کەریم دابینکردنی مووچە بۆ هەر تووشبوویێکی تالاسیمیا بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، ناوی نزیکەی دوو هەزار تووشبووی تالاسیمیا لەگەڵ ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نێردراون بۆ بەغدا و رەزامەندیش دراوە لەسەر بڕینەوەی مووچە بۆیان، بەڵام لە چاوەڕوانیی دابینکردنەکەین.
 
بە گوتەی کۆچەر کەریم، بەشێکی تووشبووانی نەخۆشییەکە مووچەیان هەیە، ئەویش ئەوانەن کە پێش 2013 ناویان تۆمارکردووە و ئەو بڕیارە لەو ساڵەدا راگیراوە. 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان دەڵێت: ''تووشبووانی تالاسیمیا ژیانێکی شایستە و دابینکردنی چارەسەری گونجاویان دەوێت''.
 
داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، بۆ پێشگیری لە نەخۆشییەکە پشکنینی پێش هاوسەرگیری بکەن و دوو کەسی هەڵگر ژیانی هاوژینی لەگەڵ یەکدا پێکنەهێنن.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی پسپۆڕانی خوێن لە ئەمریکا نەخۆشیی تالاسیمیا بۆماوەییە و خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگڵۆبین کەمدەبنەوە، هەروەها هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام ئەگەر دایک و باوک هەردووکیان هەڵگر بوون ئەوا منداڵی تووشبوویان دەبێت.
 
نیشانەکانی؛ 
 
- بێهێزی
- لاوازیی گەشە
- ئەستووربوونی جەستە
- زەردوویی
- کەمبوونەوەی خرۆکە سوورەکانی خوێن
 
چارەسەر؛ 
 
- گواستنەوەی خوێن بە بەردەوامی
- چاندنی مۆخ
 
رێگەکانی خۆپارێزی؛
 
- پشکنینەکانی خوێن و بۆماوەیی
- پشکنینەکانی پێش هاوسەرگیری
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە