هۆکارەکانی تووشبوونی نیوەی ژمارەی تووشبووانی لەبیرچوونەوە ئاشکرادەکرێن

دوێنێ کاژێر 11:13
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ئێستا زیاتر لە 55 ملیۆن کەس گیرۆدەی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوەن لە جیهاندا، توێژەرانی بەریتانیا پێیان وایە، هۆکاری تووشبوونی نیوەی ژمارەی تووشبووانی لەبیرچوونەوە پێشگیری لێدەکرێت بە دوورکەوتنەوە لە خووە ناتەندروستەکان.
 
توێژینەوەیەکی فراوان لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە ئینگلاند کرا و ئاشکرای دەکات، ئەگەری خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زۆرن، پسپۆڕێکیش دەڵێت: ''دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول رێگەیەکیانە''.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت، 12 هۆکار لە نیوەی ژمارەی تووشبووان هەن و دەتواندرێت پێشگیریان لێبکرێت، چونکە راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ هۆکارن بۆ لەبیرچوونەوە وەکو؛
 
- بەرزەپەستانی خوێن
- نەخۆشیی شەکرە
- جگەرەکێشان
- قەڵەوی
- خەمۆکی
- کەمجووڵەیی
- خواردنەوەی کحول
- بەرکەوتنی زەبر بە مێشک
- پیسبوونی هەوا
- دابڕانی کۆمەڵایەتی
- کەمیی ئاستی خوێندەواری
- نەخۆشییەکانی بیستن
 
تاوەکو ئێستا دوو چارەسەری نەخۆشیی ئەلزەهایمەر پەسندکراون کە بریتین لە؛ لیکەینمابی کۆمپانیای بایۆجین و ئیسای لەگەڵ دۆنانێمابی کۆمپانیای ئێلی لیلی.
 
بەڵام چارڵز مارشال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە لەندەن دەڵێت: ''تائێستا روون نییە کە ئایا چارەسەرەکان بنبڕی نەخۆشییەکە دەکەن؟، بەڵام دەشێت رێگریی تەواوەتی لە 12 هۆکارە سەرەکییەکەی لەبیرچوونەوە بکرێت''.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەری نێودەوڵەتی، لەبیرچوونەوە دەرەنجامی کۆمەڵێک نەخۆشییە کە باوترینیان نەخۆشیی ئەلزەهایمەرە. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، هەروەها شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن، تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە