پسپۆڕێک: ئەو منداڵانەی بە ناکامی لەدایکدەبن ئەگەری خوێنبەربوونی مێشكیان زۆرە

02-07-2024
شکار رێبوار
د. رێباز سەردار، پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان. وێنە: رووداو
د. رێباز سەردار، پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیەنێت، هەناسەتەنگی کێشەی سەرەکیی ئەو منداڵانەیە کە بە ناکامی لەدایکدەبن، واتە پێش کاتی خایەندراوی سکپڕی کە نۆ مانگە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی تەممووزی 2024 د. رێباز سەردار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بوولتەنی تەندروستیدا بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی بە ناکامی لەدایکدەبن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، خوێنبەربوونی مێشک و هەناسەتەنگی زۆرە.
 
د. رێباز سەردار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: هەر منداڵێکی ناکام پێویستە لە ژوورە شووشەییەکان بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ دابنرێت و چاودێریی چڕی بکرێت، چونکە ئەگەری گیانلەدەستدانیان زۆرە.
 
تەنانەت پسپۆڕەکە ئەوەش باسدەکات، منداڵی ناکام چاودێرییەکی دروستی بکرێت، ژیانی پارێزراو دەبێت، چونکە زۆرینەی ئەو منداڵانەی سێ مانگی کۆتایی دووگیانبوون تەواو ناکەن، بەرگریی جەستەیان لاوازدەبێت و جەستەیان تووشی کێشەی کەمیی مادە خۆراکییەکان دەبێت.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، هەر خێزانێک منداڵی ناکام ''منداڵی پێشوەختە لەدایکبوو''ـی هەبوو، پێویستە ماوەیەک لە ژوورێکی تایبەتی دابنێن و ژینگەیەکی پاکوخاوێنی بۆ بڕەخسێنن.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا روونی دەکاتەوە کە بەشێک لە منداڵە ناکامەکان دەشێت دووچاری خوێنبەربوون و ئیفلیجبوونی مێشک ببن، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە دوای دەرچوون لە نەخۆشخانەش، منداڵەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بێت و مانگانە پشکنینی بۆ بکرێت.
 
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیک، هەر منداڵێک پێش 37 هەفتە لەدایکبێت ناکامە؛ تاوەکو زووتربێت خراپتر دەبێت، ئەگەر لە 28 هەفتەدا لەدایکبێت زۆر خراپتر دەبێت و ئەگەری مردنی زیاترە.
 
ناوەندەکە چەند هۆکارێک باسدەکات بۆ منداڵی ناکام؛ 
 
هۆکاری پەیوەست بە رابردووی دایکەکە؛
 
- کەمیی ماوەی نێوان دوو دووگیانی
- زیاتر لە یەک لەبارچوون
- دووگیانیی بە منداڵی دووانە و سیانە
 
هۆکاری پەیوەست بە دۆخی تەندروستیی دایک؛
 
-کێشە لە منداڵدان و وێڵاش
- نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێ
- شەکرەی جۆری دوو و بەرزەپەستانی خوێن
 
ناڕێکیی شێوازی ژیان؛
 
- دووکەڵ و خواردنەوە کحولییەکان
- لاوازیی یاخود قەڵەوی
- دووگیانبوون پێش 17 ساڵان و دوای 35 ساڵان
- گوشاری دەروونی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە