منداڵێكی ناکام دوای 95 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، نێردرایەوە ماڵەوە

رووداو - تەندروستی 

منداڵێک دوای 95 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ درایەوە بە دایک و باوکی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە منداڵەکە بە ناکامی لەدایکبووە و لەژێر چاودێریدا بووە.
 
منداڵەکە ناوی میلایە و ماڵباتەکەی خەڵکی موسڵن، لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بە شەش مانگ و چوار رۆژ لەدایکبووە، بە گوتەی پزیشکەکەی؛ ئەو منداڵە بلووری بووە و دوای 95 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە و لەنێو ژوورە شووشەییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی تەمموزی 2024 رادەستی دایک و باوکی کرا.
  
د. رێباز سەردار، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان کە پزیشکی میلایە دەڵێت: بەهۆی هەناسەتەنگی و خراپیی تەندروستی و تەمەنە بچووکەکەی لەدایکبوونی، میلا لە نەخۆشخانە هێڵدراوەتەوە.
 
ماڵباتی میلا 14 ساڵە منداڵیان نەبووە و منداڵەکە بەشێوەی بلوورییە، خەلیل کارمەندێکی تەندروستییە کە ئاگاداریی رەوشی میلا بووە، دەڵێت؛ "میلا کە هێنرایە نەخۆشخانە کێشی 600 گرام بوو، لەماوەی 95 رۆژدا پاش پشکنین و چارەسەر توانرا بگەیەندرێتە ئەو تەمەنەی پێویستە بۆ لەدایکبوون، ئێستا کە رادەستی ماڵباتەکەی دەکرێتەوە، کێشی دوو کیلۆ و 500 گرامە و تەندروستیی جێگیرە.
 
میلا بە شەش مانگی لەدایکبوو، سێ مانگ لە چاودێریی چڕی منداڵە ناکامەکان خەوێندرابوو، ئێستا دۆخی تەندروستیی میلا جێگیرە و لە نەخۆشخانەوە نێدرایەوە ماڵەوە.

ئەمە قسەکانی د. رێباز سەردارە کە پزیشکیی میلایە.