توێژینەوەیەک: ژەمی خۆراکت تەندروست بێت، پارێزراو دەبیت لە شەکرە

02-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی نوێ لە فینلاند پشتڕاستی دەکاتەوە، ژەمی خۆراکی تەندروست ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە کەمدەکاتەوە.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئێستێرن فینلاند لەسەر 600 خۆبەخش کرا و دەرکەوت، ئەگەر خۆراک تەندروست بێت و کەسێک سێ ژەمی تەندروستی خۆراکی هەبێت، ئەوا شەکری خوێنی کۆنتڕۆڵدەبێت و تەنانەت ئەگەری تووشبوونیشی بە شەکرەی جۆری دوو کەمدەبێتەوە.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو گرووپە خۆبەخشەی کە رێژیمی خۆراکی تەندروستییان دەخوارد بەراورد بەوانەی کە خۆراکیان تەندروست نەبوو، رێژەی گلوکۆزی خوێنیان زیاتر هاوسەنگ بوو لەماوەی ساڵێکدا، بەمەش ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە کەمتر بووە.
 
توێژەران بۆ ئەو گرووپەی کە خۆراکیان تەندروست بووە هەریەک لە خۆراکەکانی وەکو 'میوە، سەوزە، ماسی، دانەوێڵەی تەواو، ماست، پەتاتەی کوڵاو، سینگی مریشک و خۆراکە کەمچەورەکان'ـیان بەکارهێناوە.
 
بەڵام بۆ ئەو گرووپەی کە خۆراکیان ناتەندروست بووە و رێژەی تووشبوونیان بە شەکرە لەماوەی توێژینەوەکە بەرزبووەتەوە هەریەک لە خۆراکەکانی وەکو 'خۆراکە خێراکان، خۆراکی لەقوتوونراو، شیرینییەکان، خۆراکە چەورەکان و خۆراکە سوورەوەکراوەکان'ـیان دەخوارد.
 
ئۆلا تۆلۆنیل، پسپۆڕی خۆراک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن، راستەوخۆ ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو کەمدەبێتەوە کە ئەمە بۆ ئەو کەسانە راست نییە کە تووشبووی شەکرە لەنێو خێزانەکانیاندا هەیە.
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی شەکرەی ئەمریکی ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ پێشگیریکردن لە شەکرە جێبەجێ بکرێن؛
 
- کێشڕێکی
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ
- خواردنی خۆراکی تەندروست؛ کەمکردنەوەی کاربۆهێدرات و خۆراکە خێراکان
- رێکخستنی کاتی خەو 
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو
 
پزیشکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە نەخۆشیی شەکرەیان هەیە خۆیان لەم خۆراکەن بەدوور بگرن؛
 
- نانی سپی
- برنجی سپی
- مەعکەرۆنیی سپی
- پەتاتە
- شووتی و کاڵەک
- ئەنەناس
- چەورییە تێرەکان؛ وەک ئەوانەی لە گۆشتی سووردا هەن
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە